Abdel Ra'ouf Daoud Abdel Ra'uof Arnaout
28 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2018
قودس ــ AA
سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل، گادی ئەیزنكۆت بە رۆژنامەی جۆرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی رایگەیاند كە سوپای ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەكانی لە سووریا دەستپێكردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو فڕۆكەیەكی جەنگی ئیسرائیل لە سووریا خرابووە خوارەوە.
گادی ئەیزنكۆت زانیاری زیاتری لەوباریەوە نەخستووەتەڕوو.
پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو كە مانگی رابردوو، فڕۆكەیەكی جەنگی جۆری ( ئێف ـ 16)ی ئیسرائیل لە سووریا خراوەتەخوارەوە.
ئیسرائیل دەڵێت: "هێرش دەكاتە سەر ئەو خاڵانە لە سووریا كە لە لایەن ئێران و حزبوڵڵا لوبنان دژ بە ئیسرائیل بەكار دەهێنرێن".
سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل بەشێكی قسەكانی بۆ بنیاتنانی دیوارێك لە دەورووبەری كەرتی غەززە تەرخان كرد و رایگەیاند كە تا كۆتایی ئەمساڵ كارەكانی بنیاتنانی دیوارێك لە دەورووبەری كەرتی غەززە تەواو دەبێت.
گادی ئەیزنكۆت گوتیشی: "رێگە بە سوپای ئیسرائیل دەدەرێت گولـلەی راستەقینە دژ بە هاووڵاتییانی فەڵەستین بەكار بهێنن، ئەگەر لە میانی ئەو رێپوانە كە لایەنە فەڵەستینییەكان بە نیازن رۆژی هەینی داهاتوو، ئەنجامی بدەن، هێرش بكەنە سەر ژێرخانی ئیسرائیل".
سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل ئەوەشی گوت "پەرژینەكان پتەوتر دەكەین، هەروەها سەربازی زیاتر لە ناوچەكە بڵاودەكرێنەوە بۆ ئەوەی رێگری بكەن لە دزەكردن بۆ ناو خاكی ئیسرائیل".
لایەنە فەڵەستینییەكان بەنیازن لە 30ی ئەم مانگە رێپوانێك كە ناویان لێ ناوە "گەڕانەوەی گەورە" لە ناوچەی سنووری نێوان كەرتی غەززە و ئیسرائیل رێك بخەن.
سەبارەت بە ئەگەری نزیكبوونەوەی ئێران لە سنووری ئیسرائیل، گادی ئەیزنكۆت گوتی: "ئێران توانای نییە لە بەرزاییەكانی جۆلان لە سنووری ئیسرائیل نزیك ببێتەوە، هەروەها حزبوڵڵاش ئەو توانایەی نییە كە بە ئاراستەكردنی مووشەك، ئامانجە دیاریكراوەكان لە ئیسرائیل بكاتە ئامانج".