Mazın Asad
28 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2018
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری پێشووی ئێران، مەحمود ئەحمەدی نەژاد لەبارەی دۆخی جێگرەکەی حەمید باقری کە لە بەندیخانە درێژە بە مانگرتن لە خواردن دەدات، داوای لە رێبەری ئایینی ئێران، عەلی خامنەیی کرد کە لەوبارەیەوە "رێنمایی یەکلاییکەرەوە" دەربکات.
ئەحمەدی نەژاد لە چوارەم نامەیدا کە بۆ خامنەیی نووسیویەتی رایگەیاندووە، قۆناغی دادوەری سەر حەمید باقری کە بە تۆمەتی گەندەڵی سزای زیندانی ١٥ ساڵی بەسەر سەپێنراوە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەنەچووە و بڕیارەکە بە تەواوی سیاسییە.
نامەکەی ئەحمەدی نەژاد لە ماڵپەری "dolatebahar" بڵاوکراوەتەوە کە نزیکەوە لەخۆی و تیایدا رایگەیاندووە "ھەروەک دەزانن، دادگا بێ ھیچ بەڵگەیەک و رێکارێکی یاسایی، بە ھەڵوێستێکی تەواو سیاسی و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نھێنیدا قورسترین سزای بەسەر باقری داسەپاندووە و دەستبەجێ دەستبەسەری کرد و خستیە بەندیخانەوە. ئەو لە لایەن ئیرادەی سیاسی بۆ لەکەدارکردنی ١٠ھەمین و ١١ھەمین حکوومەت کراوەتە قوربانی".
ئەحمەدی نەژاد لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە باقری لە دژی "ستەمکاری دادوەری" مانگرتنی لە خواردن دەستپێکردووە کە ١٤ رۆژە بەردەوامە و راشیگەیاندووە کە دۆخی تەندروستی باقری بەرەو خراپی دەچێت.
لە نامەکەدا ئەحمەدی نەژاد هەروەها نووسیوویەتی "ھەروەک دەزانن ئەو کەسێکی موسڵمان، شۆڕشگێر و بێتاوان و پاکە. بچووکترین گەندەڵی نییە. لە پێناو رێگریکردن لە کارەساتێکی گەورە کە قەرەبووکردنەوەی بۆ نابێت، چاوەڕێی "رێنمای یەکلاییکەرەوە" لە ئێوە دەکات".