Zana Natık Kerem
22 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2016
كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی كە دەزگایەكی فەرمی و تایبەتە بە یارمەتی و هاوكاریكردنی ئاوارەكان رایگەیاند كە ژمارەی ئاوارەكانی شاری مووسڵ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 85 هەزارو 293 كەس.
لە راپۆرتێكی كۆمەڵەكەدا هاتووە، دوای ئەوەی پێنج هەفتە بەسەر ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ تێپەڕی، ژمارەی ئاوارەكانی شارەكە و ناوچەكانی دەورووبەری گەیشتووەتە 85 هەزارو 293 كەس كە لە كامپی ئاوارەكانی، حەسەن شام و خازر لە هەولێر، زێلكان لە دهۆك، جدعە لە گەیارە نیشتەجێكراون.
لە راپۆرتەكەدا كۆمەڵەی مانگی سووری عێراق ئاماژەی بەوە داوە كە تەنها لە دوو رۆژی رابردوودا، تیمەكانی كۆمەڵەی مانگی سوور لە كامپی حەسەن شام و خازر پێشوازیان لە 3 هەزارو 100 ئاوارەی شاری مووسڵ كردووە كە بەمەیش كۆی گشتی ژمارەی ئاوارەكان لەو دوو كامپەدا گەیشتووەتە 3 هەزار و 675 كەس.
لە بەیاننامەكەدا روونكراوەتەوە كە بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییانی بۆ ئاوارەكانی مووسڵ، خۆبەخشانی كۆمەڵەی مانگی سووری عێراق هەموو هەوڵەكانیان خستووەتە گەڕ.
لای خۆیەوە ئەندامی كۆمەڵەكە، ئەیاد رافد رایگەیاند كە لە 24 كاتژمێری رابردوودا و لەگەڵ بەردەوامی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی عێراق و چەكدارانی داعش، هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە مووسڵ ئاوارە بوون.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەیاد رافد گوتی: "تیمەكانی كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی و تیمەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بە هەمانگی لەگەڵ هێزەكانی ئەمنی، پێشوازیان كردووە لەو هەزار كەس كە لە رۆژهەڵات و باكووری مووسڵ ئاوارە بوون.
رافد دەشڵێت: "بەهۆی بەردەوامی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی عێراق و چەكدارانی داعش، ژمارەی ئاوارەكانیش لە بەرزبوونەوەی بەردەوام دایە و ئەوان پێویستیان بە هاوكاری و یارمەتی مرۆیی زیاتر هەیە بەتایبەتیش لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەكانی گەرما".