نەینەوا ــ AA
هێرشی هێزەكانی عێراق بۆ سەر فڕۆكەخانەی مووسڵ و سەربازگەی غزلانی و گەڕەكانی تەل ڕومان و مەئموون دەستی پێكرد.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو جەبار حەسەن گوتی: "بەیانی ئەمڕۆ، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ و سوات بەپشتیوانی فڕۆكەكانی جەنگی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، هێرشیانكردە سەر فڕۆكەخانەی مووسڵ باشووری لای راستی شارەكە".
جەبار حەسەن گوتیشی: "ژمارەیەكی زۆری لە زرێپۆش بەرەو ئەو رێگەیە پێشڕەویی دەكەن كە دەچێتە ناو فڕۆكەخانەكە".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوە دا كە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی مووسڵ، فەرماندەی ئۆلیسی فیدراڵ، فەریق رائید جەودەت سەرپەرشتی دەكات.
دوێنێ گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، عەمید یەحیا رەسول لە لێدوانێكد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "كۆنتڕڵكردنەوەی فڕۆكەخانەی مووسڵ ئامانجێكی ستراتیژی هێزەكانی عێراقە و لەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی وەك بنكەیەك بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای شارەكە بەكار دەهێنرێت".
هاوكات ئەفسەر لە سوپای عێراق، ملازمی یەك نایف زوبێدی رایگەیاند كە هێزی كۆماندۆز سەربە هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق هێرشیانكردە سەر سەربازگەی غزلانی لە بەشی راستی مووسڵ.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نایف زوبێدی گوتی: "بەیانی ئەمڕۆ هێزی كۆماندۆز سەربە هێزی دژە تیرۆر، بەپشتیوانی فڕۆكەكانی جەنگی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هێرشانكردە سەر سەربازگەی غزلانی لە بەشی راستی مووسڵ".
نایف زوبێدی گوتیشی: "لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راستی مووسڵ هێرشكردنە سەر سەربازگەی غزلانی، یەكەم ئەركە كە بەهێزەكانی دژە تیرۆر سپێردراوە".
ئەفسەرەكە روونیشی كردەوە كە بەرلە هێرشەكە، فڕۆكەكانی جەنگیی ئامانجەكانی داعشی لەناو سەربازگەكە بۆردومان كرد".
لای خۆیەوە شانەی راگەیاندنی جەنگی لە بەیاننامەیەكی بەپەلەدا، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی سەربازگەی غزلانی لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆرەوە راگەیاند.
ئەم هێرشەی هێزی كۆماندۆز بۆسەر سەربازگەی غزلانی هاوكاتە لەگەڵ هێرشی هێزەكانی دیكەی عێراق بۆ سەر فڕۆكەخانەی مووسڵ باشووری بەشی راستی شارەكە.
سەربازگەی غزلانی گەورەترین سەربازگەی رێكخراوی داعشە لە بەشی راستی مووسڵ.
ــ شەڕی قورس لە دەورووبەری فڕۆكەخانەی مووسڵ
ئەفسەر لە هێزەكانی دژە تیرۆر، عەمید روكن محەمەد عەبدولئەمیر ئەشقەر رایگەیاند "لە ئێستادا لە دەورووبەری فڕۆكەخانەی مووسڵ شەڕێكی قورس لەنێوان هێزەكانی عێراق و چەكدارانی داعش لەئارادایە".
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، محەمەد عەبدولئەمیر ئەشقەر گوتی: "بەیانی ئەمڕۆ، هێزی كۆماندۆی سەربە هێزەكانی دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵ و فیرقەی ٩ی زرێپۆش لە سێ میحوەرەوە، هێرشیانكردە سەر فڕۆكەخانەی مووسڵ، سەربازگەی غزلانی و گەڕەكەكانی تەل رومان و مەئموون".
محەمەد عەبدولئەمیر ئەشقەر ئاماژەی بەوەش دا كە لە ئێستادا شەڕێك قورس لە دەورووبەری فڕۆكەخانەی مووسڵ روودەدات دوای ئەوەی داعش لە رێگەی قەناسبەدەستەكانی و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی، دەستی بەبەرگرییەكی توند و شەڕێكی قورس كرد.
ئەفسەرەكە دووپاتی كردەوە كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان رانەوستن تا ئەو كاتەی هێزەكانی عێراق شەڕەكان لە بەرژەوەندی خۆیان یەكلایی نەكەنەوە و داعش تووشی شكست بكەن.
ــ كۆنتڕۆڵكردنەوەی فڕگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی مووسڵ راگەیەنرا
ئەفسەر لە هێزەكانی سوات، عەمید روكن عەبدولعەزیز رەزا موسەوی رایگەیاند كە هێزەكانیان فڕگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی مووسڵ كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو عەبدولعەزیز رەزا موسەوی گوتی: "هێزەكانمان چوونەتە ناو فڕگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی مووسڵ و لە ئێستایشدا سەرقالی هەڵگرتنەوەی بۆمب و پوچەڵكردنەوەی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژكراوەكانن كە داعش لە هۆڵی فڕۆكەخانەكە دایناوە".
ــ داعش داوای جیهادكردن لە دانیشتوانی بەشی راستی مووسڵ دەكات
ئەفسەر لە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، نەقیب خالید حەمدانی رایگەیاند كە داعش لە رێگەی بڵندگۆكانەوە لەناو مزگەوتەكانی بەشی راستی مووسڵ هانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەدات كە لە پێناو ئەودا جیهاد بكەن.
خالید حەمدانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزەكانی عێراق كە ئێستا لە دەورووبەری فڕۆكەخانەی مووسڵ، گوێیان لە بڵندگۆكانی داعشە كە لەناو مزگەوتەكانەوە داوا لە گەنجانی بەشی راستی شارەكە دەكات چەك هەڵبگرن و جیهاد بكەن و دژی هێزەكانی عێراق شەڕ بكەن".
ئەفسەرەكە دووپاتی كردەوە كە لە ئێستادا داعش بەدەست ژمارەی كەمی چەكدارەكانییەوە دەناڵێنێت.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە هێزەكانی عێراق، ئامانجیانە هێڵی یەكەمی بەرگری داعش لەو ناوچانە تێكبشكێنن كە ئەمڕۆ هێرشیان كردووەتە سەریان.
لە ١٩ی ئەم مانگە سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، حەیدەر عەبادی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ٦٠ هەزار كەس لە هێزەكانی عێراق بەشدارن و پشتیوانی ئاسمانیش لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دابین كراوە.
ــ دیداری فوئاد مەعسوم و حەیدەر عەبادی
سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم و سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی لە دیدارێكدا بەڕێوەچوونی شەڕەكانی ئێستای مووسڵیان تاوتوێ كرد و هەروەها جەختیان لەسەر گرنگی ئامادەكردنی كەشێكی سیاسی گونجاو بۆ قۆناغی دوای داعش كردەوە.
لە بەیاننامەیەكدا سەرۆكایەتی كۆمار ئاماژەی بەناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوان مەعسوم و عبادی كردووە و تیایدا هاتووە كە ئەمڕۆ سەركۆمار، فوئاد مەسعوم پێشوازی لە سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی كرد.
بەپێی بەیاننامەكە لە دیدارێكدا، فوئاد مەعسوم و حەیدەر عەبادی بەوردی گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی سیاسی و ئەمنی بەتایبەتیش بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ كردووە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە كە هەر لەو دیدارەدا هەردوولا جەختیان كردووەتەوە لەسەر گرنگی یەكریزی و یەكخستنی هەوڵەكان لە پێناو رەخساندنی كەشێكی سیاسی گونجاو بۆ قۆناغی دوای داعش و یەكلایی كردنەوەی ناكۆكییەكان و سەرختنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و هەروەها دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان و دەستبەركردنی ئاسایش و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان.
ـــ پەیوەندی تەلەفۆنی حەیدەر عەبادی و رێكس تیلەرسەن
هاوكات لەگەڵ هێرشی هێزەكانی عێراق فڕۆكەخانەی مووسڵ و سەربازگەی غزلانی و گەڕەكانی تەل ڕومان و مەئموون سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن دوایین پێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راستی مووسڵیان تاوتوێ كرد.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە ئاماژە بەوە دراوە كە سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن ئەنجام دا.
بەپێی بەیاننامەكە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا عەبادی و تیلەرسن، پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی بەشی راستی مووسڵ و هەروەها پشتیوانییەكانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق لەشەڕی دژبە تیرۆر لەگەڵ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان و رەوشی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراق لەشەڕەكانی دژبە تیرۆر و هەروەها گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان دووپات كردووەتەوە، هەروەها ستایشی رۆڵی هێزەكانی عێراقی كرد لە شەڕەكانی دژبە داعش.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش داوە كە حكوومەتی عێراق هەوڵی زۆری داوە لە پێناو یەكخستنی عێراقییەكان كە ئەوەش دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق.
رێكس تیلەرسن ئەوەشی گوتووە: "ئێمە هەوڵدەدین عێراق بگەڕێننەوە رەوشی سروشتی خۆی و ئامادەین لە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیری بۆ ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان پشتیوانی عێراق و بكەین و ئێمە لەكەڵ عێراقدا هاوبەشین".
لای خۆیەوە حەیدەر عەبادی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا رایگەیاندووە كە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راستی مووسڵ بەپێی ئەو پلانەی بۆ دانراوە زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچێت سەرباری سەختی و قورسی شەڕەكان و ئامانجی سەرەكی هێزەكانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنەكەدا پێش هەموو شتێك، پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیلە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتی كردووەتەوە كە رۆڵەكانی عێراق لە باكوورەوە تا باشوور شەڕی دژی داعش دەكەن و ناوچەكانیان رزگار دەكەنەوە و هەروەها ستایشی پشتیوانییەكانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق كردووە لە شەڕی دژبە تیرۆر.
ــ تەقینەوە لە دیالە
لەگەڵ هێرشی هێرشی هێزەكانی عێراق بۆ سەر فڕۆكەخانەی مووسڵ و سەربازگەی غزلانی و گەڕەكانی تەل ڕومان و مەئموون، سێ تەقینەوە لە پارێزگای دیالە روویاندا.
ئەفسەر لە پۆلیسی عێراق، نەقیب حەبیب شممەری رایگەیاند، بەهۆی سێ تەقینەوە كە خاڵەكانی پشكنی ئەمنی لە پارێزگای دیالەی كردە ئامانج، پێنج كەس كوژران و ١٢ی دیكەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ سێ خۆكوژ لە رێگەی سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو خۆیان بەخاڵەكانی پشكنی ئەمنی لە نزیك قەزای خاڵس باكووری پارێزگای دیالە تەقاندەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو حەبیب شممەری دوایین ئاماری قوربانیانی سێ تەقینەوەكەی ئاشكرا كرد و گوتی: "بەپێی دوایین ئاماری قوربانیانی ئەو سێ تەقینەوە، پێنج كەس كوژراون و ١٢ی دیكەش بریندار بوون كە زۆربەیان كارمەندی هێزەكانی ئەمنیین".
news_share_descriptionsubscription_contact

