Zana Natık Kerem
24 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە سوپای عێراق، موقەدەم یونس عودەی ساعدی رایگەیاند كە پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان لە ئۆپەراسیۆنی شاری تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و دەورووبەری بەردەوامە.
یونس عودەی ساعدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزەكانی لیوای ٢٧ سەبە فیرقەی ١٥ لە دەورووبەری ناوەندی ناحیەی مەحلەبییە رۆژهەڵاتی تەلەعفەر لە پێشڕەوییكردن بەردەوامن".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا كە هێزەكانی دژە تیرۆر بە ئاراستەی گوندی كەسر میحراب رۆژئاوای تەلەعفەر پێشڕەویی دەكەن.
ناوبراو باسی لە پێشڕەویی هێزەكانی فیرقەی ٩ی زرێپۆش كرد و گوتی: "ئەو هێزانە لە فڕۆكەخانەی تەلەعفەر بەرەو ناوچەی خزڕ ئەلیاس باشووری ناوەندی شاری تەلەعفەر پێشڕەویی دەكەن و حەشدی شەعبی لە سێ میحوەرەو بەرەو ناوەندی شارەكە لە پێشڕەویی دان".
یونس عودەی ساعدی روونشی كردەوە كە لە ئێستادا، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەر بە پێی ئەو پلانە بەڕێوەدەچێت كە دانراوە بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا پلانی دیكە پەیڕەو دەكرێت كە دەبێتە هۆی شكاندنی خێرای داعش لە تەلەعفەر.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەرعەبادی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بە بەشداری هێزەكانی سوپا، دژە تیرۆر، پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی راگەیاندبوو كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ پێنجەم رۆژە ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامە.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، پشتیوانی ئاسمانی لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دابینكراوە.