واشنتۆن
ئەو هەردوو سەرۆكە لەگەڵ دەستبەكاربوونیان، بیروڕا جیاوازەكانیان لەبارەی پرس و كێشەكانی جیهانەوە نیشانەی ئەوە بوو كە لە داهاتوودا جۆرە ئاڵۆزییەك دەكەوێتە نێوانیان و لەو چوارچێوەیەدا وردە وردە دەست بە بینینی ئاڵۆزییە سەرەتاییەكان كرا، داوای نەتانیاهو بۆ پشتگیری كردنی بێ مەرجی ئۆباما و ئەمریكا لە هەر هەنگاوێكی ئیسرائیل و هەڵوێست و دژایەتی توندی ئیسرائیل لە بەرامبەر پرسی ئێران و نزیكبوونی راستگەرایانەی ئیدارەی ئۆباما لە بەرامبەر ئەو پرسانە، چەند هۆكاری سەرەكی ناكۆكییەكانی نێوان ئۆباما و نەتانیاهون.
ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو سەرۆكە كە وردە وردە ئاشكراتر دەبن، هەوڵەكانیان بۆ كاریگەری نەكردنی ئەو ناكۆكییانە لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل بێ ئەنجام مانە، وەزیری دارایی ئیسرائیل یایر لاپید مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو ئاماژەی بەوە كردبوو كە پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا رووبەرووی قەیران بوونەتەوە.
بالیۆزی پێشووی ئیسرائیلیش لە واشینتۆن میخائیل ئۆرەن ئاماژەی بەوە كردبوو كە پەیوەندی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل رووبەرووی خراپترین قۆناغی خۆیان بوونەوە كە لە ساڵی 1975وە تا ئەمڕۆ ئەمە یەكەمجارە قۆناغێكی بەو جۆرە سەر هەڵبدات. دوای ئەو دوو لێدوانە شرۆڤە و هەڵسەنگاندنەكانی تایبەت بە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لە 10 ساڵی رابردوودا یەك لە دوای یەك ئاشكرا كران.
سیناتۆری ناوداری ئەمریكا جۆن مەككین كە سەر بە كۆمارییەكانە لە چەند رۆژی رابردوودا لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل تا ئێستا بەو جۆرە ئاڵۆز نەبوونە. بۆیە ئەمریكا و ئیسرائیل لە سەردەمی دەسەڵاتی ئۆباما و نەتانیاهودا بوونە وەكو دوو هاوپەیمانی ناچاری.
یەكەمین ناكۆكی یا یەكەمین ئاڵۆزی لەو پەیوەندییانەدا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2009 دەستی پێكرد كە سەردەمی یەكەم دەسەڵاتی ئەو دوو سەرۆكە بوو. ئەو كاتە ئۆباما داوای لە ئیسرائیل كردبوو كە پڕۆسەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لە كەناری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی قودسدا رابگرێت بەڵام نەتانیاهو لە بەرچاوی رای گشتی ئەو داواكارییەی رەتكردەوە. نەتانیاهو ئە كاتانە بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسێكی پیاوانی ئاینی سەردانی ئەمریكای دەكرد و دەیەویست لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا لەگەڵ ئۆبامایش دیدارێك ئەنجامبدات. بەڵام تا ئەو كاتەی كە نەتانیاهو سواری فڕۆكەبوو و بەرەو ئەمریكا بەڕێ كەوت كۆشكی سپی پشتڕاستی نەكردبوویەوە كە ئایا ئۆباما لەگەڵ نەتانیاهو كۆ دەبێتەوە یا نا. سورپڕایزی گەورەتر لە كاتی ئەو دیدارەی ئۆباما و نەتانیاهودا روویدا، چونكە ئەو دیدارەدا بۆ جاری یەكەم بە هیچ شێوەیەك رێگە بە رۆژنامەنووسان و كامێرامانەكان نەدرا بچنە ژوورەوە و دوای كۆبوونەوەكەیش نە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجامدرا و نە هیچ جۆرە لێدوانێكیش لە بارەی كۆبوونەوەكەوە پێشكەش كرا.
دوای تێپەڕ بوونی یەك ساڵ و نیو بەسەر ئەم رووداوە كە دەكرێت وەكو یەكەمین ئاڵۆزی نێوان ئۆباما و نەتانیاهو پێناسە بكرێت، قەیرانێكی دیكە لەگەڵ لێدوانێكی باراك ئۆباما سەری هەڵدا. ئۆباما لە مانگی مایسی ساڵی 2011 ئاماژەی بەوە كردبوو كە بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە ئیسرائیل بگەڕێتەوە بۆ سنووری ساڵی 1967، ئەو لێدوانەی ئۆباما بە ئەوەندەی بۆمبێك لە ئیسرائیل كاریگەری كرد. دوای ئەو لێدوانانەی ئۆباما، نەتانیاهو لە راگەینراوێكدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە كەس ناتوانێت داوا لە ئیسرائیل بكات بگەڕێتەوە بۆ سنووری ساڵی 1967 و دواتر نەتانیاهو لە میانی سەردانیدا بۆ كۆشكی سپی لە بەرچاوی كامێراكانیشدا ئەو داواكارییەی سەرۆكی ئەمریكای رەتكردەوە.
ناكۆكی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل تەنیا تایبەت نین بە ناكۆكییەكانی نێوان ئۆباما و نەتانیاهو بەڵكو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كێری كە بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵی زۆری دا و بۆ ماوەی نۆ مانگ هاتوچۆی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینی دەكرد، جارجار رووبەرووی رەخنەی زۆر توندی بەرپرسانی ئیسرائیل دەبوویەوە. بۆ نموونە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی رابردوو وەزیری بەرگری ئیسرائیل مۆشە یالۆن لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا لە بارەی كێرییەوە ئاماژەی بەوە كردبوو كە لە بارەی پرسی فەلەستینەوە كێری كە لە نێو هەڵەیەكی زۆر گەورەدایە و بە هەستی مەسیح بوون هەڵسووكەوت دەكات، ناتوانێت من فێری هیچ شتێك بكات و بە ئەوەندەی ئەو پارچە كاغەزەی كە پلانی ئەمنی ئەمریكا بۆ ئێمە لەسەری ئامادە كرابوو نرخی نییە.
لە مانگی ئاداری هەمان ساڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل مۆشێ یالۆن جارێكی دیكە ئەمریكای تۆڕە كردەوە، یالۆن رەخنەی زۆرتوندی لە سیاسەتی دەرەوەی سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما كرد و ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئیدارەی ئۆباما لە بارەی پرسی ئێران، ئوكراینا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی چین و چەندین پرسی دیكەی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە لاوازی نیشان داوە. لە بەرامبەردا كۆشكی سپیش وەڵامی ئەو لێدوانانەی یالۆنی دایەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو لێدوانانە لێدوانی ئیجابی نین. دواجار وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆ بایدن تەلەفۆنی نەتانیاهوی كرد و نیگەرانی خۆی بەرامبەر ئەو لێدوانانەی یاڵۆن دەربڕی و رۆژێك دواتریش یالۆن لە ئەمریكا داوای لێبووردنی كرد.