Azat Muhammet
20 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2017
دهۆک -AA
ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، نەجیبە نەجیب رایگەیاند "شاندێکى باڵاى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانی ئابوورى، یاسایی، سیاسى و تەواوى کێشە کەڵەکەبووەکانى ساڵانى رابردوو لەگەڵ عێراق سەردانى بەغدا دەکەن، ئامادەکارى دەکرێت شاندەکە گشتگیر بێت و، نوێنەرى هەموو لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى لەگەڵدا بێت".
ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، نەجیبە نەجیب لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "حکوومەتى عێراق هیچ کاتێک بەچاوى یەکسانى لە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانى نەڕوانیوە و بەدادپەروەرانە مامەڵەى لەگەڵ هاووڵاتییان نەکردووە، ماوەیەکى دوور و درێژیشە مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان پێشێل دەکات، عەقڵیەتى حکومڕانى حکوومەتى عێراق ئیسپاتى کرد کە نایەوێت پاپەندى بنەما دەستوورى و رێککەوتنە ئابوورییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا بن، هەر ئەم سیاسەتە چەوتەى بەغدا بەرامبەر بەهەولێر بوو وایکرد ژیان و گوزەرانى هاووڵاتییانمان بەرەو خراپتر هەنگاو بنێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ئایندەیەکى باش بۆ پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا دروست نابێت".
نەجیبە نەجیب هەروەها گوتى: "ئەو خەڵکە کەم دەرامەت و پەککەوتانەى لە هەرێمى کوردستان لەلایەن چاودێرى کۆمەڵایەتى مووچەیەکى کەمیان وەردەگرت، لەلایەن بەغداوە چەندین ساڵە مووچەبڕ کراون، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرتاسەرى عێراق مووچەخۆرانی تۆڕى چاودێرى کۆمەڵایەتى مانگانە مووچەکانیان وەردەگرن. بەهەمان شێوە حکوومەتى عێراق پارەى گەنمى جووتیارانى هەموو پارێزگاکانى خوارووى عێراقى دابەشکرد بەسەر جووتیاران. لە کۆتایی بەشێکى کەم لە پارەى گەنمى جووتیارانى تەرخان کرد بۆ هەرێمى کوردستان تا ئێستاش بەتەواوەتى دابەش نەکراوە بەشێکى زۆر لە جووتیارانى هەرێم پارەى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان لەلایەن حکوومەتى عێراقە".
ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، نەجیبە نەجیب گوتیشى: "دواى ئەوەی بەبڕیارێکى سیاسى بەشە بوودجەى هەرێم و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغدا بڕێنرا، هەرێمى کوردستان ناچار بوو بڕیارى سەربەخۆ فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان بدات بۆ ئەوەى مووچە و بوودجەى فەرمانبەرانى پێ دابین بکات، ئێستاش لەسەر سیاسەتى ئابوورى سەربەخۆ بەردەوامە و تەنانەت پێداچوونەوەش بەم بڕیارەى ناکات، چونکە حکوومەتى هەرێم باش لەوە تێگەیشتووە کە سیاسەتى ئابوورى بەغدا بەرامبەر بەهەرێم روون و ئاشکرا نییە و بەچاوێکى کەمتر لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەڕوانێت و گرنگییەکى زیاتر بەپارێزگاکانى خوارووى عێراق دەدات".
نەجیبە نەجیب گوتیشی: "لە نەخوازراوترین دۆخى دارایی و ئابوورى هەرێمدا، حکوومەتى عێراق نەک هاوکارى هەرێمى کوردستانی نەکرد، بەڵکو بەربەستیشى بۆ دروست کرد. لە کاتێکدا کە مافێکى دەستوورى لەسەر بەغدا بوو کە پاڵپشتى هەولێر بێت، چونکە لەو ماوەیەدا یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئاوارە لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێ کران و کە پێویست بوو بەشى هەرە زۆرى هاوکارییەکان لە ئەستۆى حکوومەتى عێراق بێت، کەچى بارە قورسەکەیان خستە سەر شانى حکوومەتى هەرێم".
ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق پێیوایە کە بڕیارى سەربەخۆ فرۆشتنى نەوتى هەرێم لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەنگاوێکى گرنگ و پێویست بوو، ئەمە جگە لەوەى هەوڵێکە بۆ دابینکردنى بوودجە و مووچەى فەرمانبەران، دەکرێت وەک قۆناغێکى چارەنووسساز سەیرى بکرێت بۆ ئەوەى دواى ئابوورى سەربەخۆ، سیاسەتى سەربەخۆ و دەوڵەتى کوردى لێ بەرهەم بهێنرێت، چونکە ئێستا هەموو هەوڵ و کۆششەکان بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستانە. سەربەخۆ بوون لەڕووى ئابوورییەوە یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانى سەربەخۆیی سیاسى دەبێت".
- سەردانى شاندى باڵاى حکوومەتى هەرێم بۆ بەغدا..
ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، نەجیبە نەجیب کە هاوکات ئەندامى لێژنەى دارایی و وەبەرهێنانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقە باس لە سەردانى شاندێکى باڵاى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکات و دەڵێت "بڕیارە لەم زووانە شاندێکى باڵاى حکوومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا بکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانی ئابوورى، یاسایی و سیاسییەکان و بەدواى رێگە چارەیەکیش دەگەڕێن بۆ ئەوەى تەواوى کێشە کەڵەکەبووەکانى چەند ساڵى رابردوو چارەسەر بکەن، بەو هیوایەین سەردانى ئەمجارە بەرهەمدار بێت لەڕووى ئابوورى و سیاسییەوە، چونکە قۆناغەکە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستى بەچارەسەرکردنى قەیرانەکانە".
دەشڵێت "تا ئێستا کات و بەروار دیارى نەکراوە بۆ سەردانى ئەو شاندە باڵایەى حکوومەت، چونکە ئامادەکارى دەکرێت کە شاندەکەى حکوومەتى هەرێم لە هەموو لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان پێک بێت، تاوەکو پەیامەکە بەیەکگرتوویی بگەیەنرێتە حکوومەتى عێراق و کاریگەرى زیاترى هەبێت".
ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئاشکراى دەکات کە شاندى باڵای حکوومەتى هەرێمى چارەسەرى ئاشتیانە و لێکتێگەیشتنى دیپلۆماسى نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێگەى یەکەمى چارەسەرکردنى کێشەکان دەزانن، هەر ئەمەیش بژاردەى یەکەمى کۆبوونەوەکانیان دەبێت لەگەڵ حکوومەتى عێراق.
- " عێراق ٧٠ ملیار دۆلار قەرزارى هەرێمە"
نەجیبە نەجیب ئاماژەى بەوەدا کە بەپێى داتاکانى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بێت حکوومەتى عێراق هەر لە ساڵى ٢٠٠٥ تا کۆتایی ساڵى ٢٠١٦ زیاتر لە ٧٠ ملیار دۆلار قەرزى هەرێمى کەوتووەتە سەر تا ئێستاش ئەو قەرزانەى بۆ هەرێم نەگەڕاندووەتەوە، مافێکى یاسایی هەرێمیشە سوور بێت لەسەر ئەو داوایەى تاوەکو تەواوى قەرزەکانى خۆى لە بەغدا وەردەگرێت".
گوتیشى: "بەغدا لە ماوەى رابردوو بەهیچ شێوەیەک بەشە بوودجەى سیادى و بەشە بوودجەى بەکاربردن بەشە بوودجە و پێداویستییە سەربازییەکانى بۆ وەزارەتى پێشمەرگە دابین نەکردووە ئەمانەیش هەمووى وەک قەرز لەسەر حکوومەتى عێراق ماوەتەوە، هەرچەند حکوومەتى عێراق بێ دەنگە لەبارەى دانەوەى ئەو قەرزانە، بەڵام ئێمەیش وەکو ئەندامە کوردەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەى ئەو قەرزە لە حکوومەتى عێراق وەربگرینەوە".