Hemin Hüseyin
13 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2017
دوای نزیکەی حەفتا رۆژی دیکە، پڕۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئێستاش هەنگاونان بۆ ئەو پڕۆسەیە دەستیان پێکردووە و، دیارترینییان چوونی شاندی هەرێمی کوردستانە بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا و وابڕیاریشە دواتر سەردانی شاندەکان بۆ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ دەست پێبکەن.
لە شاری هەولێر دیمەنەکانی هەڵمەتی بانگەشەی ریفراندۆم دەستی پێکردووە، دروشمی "بەڵێ بۆ ریفراندۆم" لە چوارڕیان و شەقامەکان دەبینرێت، هاوکات ئاڵای کوردستان لەسەر دوکان و باڵەخانەکان بەرزکراوەتەوە.
لە رۆژی ٧ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا کە رۆژی ٢٥ ی ئەیلوولی ئەمساڵ پڕۆسەی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەریمی کوردستان ئەنجام بدرێت.