Hemin Hüseyin
30 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2017
هەولێر-AA
بە مەبەستی را گۆڕینەوە لەسەر پڕۆسەی ریفراندۆم، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا کۆبووەوە و تیایدا گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پڕۆسەی ریفراندۆم و ھۆکارەکانی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان و ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی دا و بە بڕیارێکی مێژوویی و بوێری پێناسە کرد و رایگەیاند کە ھەموو لایەک دڵنیادەکاتەوە پاشەکشێی لێ ناکەن و لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامدەدرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا گوتی: "لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای شەراکەت لەگەڵ عێراق رێککەوتوون، بەڵام چەندینجار بنەمای شەراکەت پێشێلکراوە و ئەمەش هەڵەی گەورەی ئێمە بوو کە چووینەوە بۆ بەغدا و بەشداری حکوومەتمان کرد، بەڵام لە لای هەموومان روونە کە کورد لە بەغدا خۆشەویست نییە، بۆیە درێژەدان بەم شێوە سیاسەتکردنە کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت لە عێراق".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی ئەو قسانەی رەتکردەوە کە باس لە خاوەن ماڵبوونی کورد دەکەن لە بەغدا و گوتی: "راست نییە کە دەڵێن کورد لە بەغدا خاوەن ماڵە و ھێنانەوەی ئەو نموونەیەی رێژەی کورد لەناو سوپای عێراقدا رێژەیەکی زۆر کەمە، بۆیە پێمان خۆش بێت یان نا، حکوومەتێکی تایفی لە بەغدا دەسەڵات بەدەستە و دیموکراسی و فیدراڵییەت لە عێراقدا نەماوە".
مەسعود بارزانی گوتیشی: "ئێمە حەز دەکەین بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا پرسەکان یەکلایی بکەینەوە، بۆ ئەوەی ھەردوولامان ئیسراحەت بکەین، دەستووری عێراقیش رێگەمان پێ دەدات بڕیاری جیابوونەوە بدەین و ئایندەی خۆمان بە میزاجی کەس نابەستینەوە، داوای دەوڵەتێک بۆ ھەموو پێکھاتەکان دەکەین لە کوردستان. ئێمە کە دەڵێین دەوڵەتی کوردستان، مەبەستمان لەوەیە دەوڵەتێک بۆ ھەموو پێکھاتەکانی کوردستانە، واتا ھەموو نەتەوەکان بەشداردەبن لە نووسینەوەی دەستووری دەوڵەتی کوردستان و ھەموو شتێک دەکەین بۆ پاراستنی نەتەوەکانی دیکە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی دووپاتیکردەوە کە پڕۆسەی ریفراندۆم لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و گوتی: "هەندێک کەس باسی دواخستنی ریفراندۆم دەکات گوایا سازش لەسەر ئەو پڕۆسەیە دەکەین، دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم کە بە هیچ شێوەیەک ئەم پڕۆسەیە دواناخرێت و لەکاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، دەبێت زۆر کراوەبین بەرامبەر بە یەکتر و نابێت رێگە بدرێت رەگەزپەرستی و جیاوازی هەبێت، دەبێت دەوڵەتێکی مۆدێرن بێت و پاشان بۆ خۆتان دەتوانن هەرچۆنێک بتانەوێت دایبڕێژنەوە، ئەگەر لەم پڕۆسەیە سەرکەوتووین ئەوا سەرکەوتنەکە بۆ هەموومانە، ئەگەر شکستیش بوو ئەوا من ئامادەم باجی ئەو شکستە بدەم".
مەسعود بارزانی ئاماژەی بە هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە شاندی وڵاتانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ئاشکرای کرد کە هیچکام لە شاندەکان دژی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم نەبوون و گوتی: "لەم ماوەیەدا لەگەڵ چەندین شاندی وڵاتانی جیھان و دراوسێکان کۆبووینەتەوە، ھیچ نوێنەرێکیان دژایەتییان بۆ خواستی کورد لە بڕیاردان بۆ چارەنووس نیشان نەداوە، هەموو تێبینییەکان لەسەر کاتی ئەنجامدانی پڕۆسەکەیە ئەوان باوەڕیان وایە کە پڕۆسەی ریفراندۆم کاریگەری بەسەر شەڕی دژ بە داعشەوە دەبێت کە لە راستیدا وا نییە و رێک پێچەوانەیە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڕەشەکان بۆ سەر شاری کەرکووک گوتی: "کەرکووک شارێکی کوردستانییە و هەر لایەنێک بیەوێت کەرکووک داگیر بکات، دەبێت شتی روو بدات کە لە خەیاڵیشیاندا نەبێت".
مەسعود بارزانی گوتیشی: "حەشدی شەعبی هاوپەیمانمان بووە لە رووبەڕووبوونەوەی دژ بە داعش و سوپاسیان دەکەین بەڵام نەدەبوو حەشدی شەعبی بە هیچ شێوەیەک بێتە سنووری هەرێمی کوردستان".
دوای گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و مامۆستایانی زانکۆ را و پێشنیازەکانییان خستەڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی سیستەمی دەوڵەتی داهاتوو، لەبەرامبەریشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی ئەوەی پێدان کە مافی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر دەکرێت.
بەشێک لە پێشنیازەکان و داواکارییەکان ئەوە بوو کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی و بە تایبەت مام جەلال بکات، لە وەڵامدا گوتی: "من سەردانی شاری سلێمانی دەکەم و پێشووتریش لەگەڵ جەنابی مام جەلال هەفتانە پەیوەندی تەلەفۆنیمان هەبووە و زوو زوو یەکترمان بینیووە بەڵام دوای ئەو نەخۆشییە دووجار چوومەتە لای و تەحەمولی بینینی مام جەلال ناکەم بەم شێوازەی ئێستا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی گوتیشی: "گلەییم لە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە کە دوای نەخۆشکەوتنی جەنابی مام جەلال، ئاراستەی سیاسییەتییان گۆڕا و من زوو کۆبوونەوەم لەگەڵ کردن گوتم وەک برا گەورەیەک من قبووڵ بکەن و هەوڵی یەکڕیزی نێوماڵی کورد بدەین بەڵام بەداخەوە حەز ناکەم یەکێتیی بەم جۆرەی ئێستا مامەڵە لەگەڵ جەنابی مام جەلال بکات".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە دروستبوونی قەیرانی دارایی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی گوتی: "پێویستە حکوومەتی هەرێم هۆکاری دروستبوونی ئەو کێشەیە بۆ خەڵک شی بکاتەوە و من ئەو داوایەم لێیان کردووە".
لە کۆتاییشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی گوتی: "بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان هەموو مەرجەکانمان هەڵگرتووە و دەمانەوێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بەشداری کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەن".