Salim Xemexan
30 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2017
ھەڵەبجە – AA
دوای ئەوەی ھەفتەی پێشوو لەچوارچێوەی راگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری بە تۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر راگەیاند، ئەمڕۆ بەشی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور رایگەیاند کە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور سەرلەنوێ پشکنین بۆ ماڵی یەکێک لەو تۆمەتبارانە کراوەتەوە.
لە روونکردنەوەکەی ئاسایشی شارەزووردا ھاتووە "دوای ئەوەی لە ماوەی پێشودا تۆمەتبار (خ . ف . م) بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور و بە پێی ماددەی( ١٤ی مخدرات) دەستگیر کرا و راگیرا لە بەرواری (٢٩/٨/٢٠١٧) لە سەر بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور، دووبارە پشکنین بۆ مالی تۆمەتبار کرایەوە بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ماددەی ھۆشبەر و کەلوپەلی پەیوەندیدار بە کێشانی ماددەی ھۆشبەر".
لە درێژەی روونکردنەوەکەدا کە وێنەیەکی دراوەتە ئاژانسی ئانادۆڵۆ ھاتووە "لە ئەنجامی پشکنین دەستمانگرت بە سەر بڕی (٢٣٨گرام ) ماددەی ھۆشبەر لە جۆری (حشیش) و (١٢٢گرام) ماددەی ھۆشبەر لە جۆری (شیشە)و بۆ ئەو مەبەستە لێکۆڵینەوەی زیاتریش بەردەوامە".
ھەفتەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور لە دوو کاتی جیاوازدا دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری بە تۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەرەوە راگەیاند، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر حەبی قەدەغەکراوی جۆری ترامادۆڵ کە نزیکەی ملیۆن و نیوێک حەب دەبوو لەگەڵ دەستگیرکردنی چوار کەس لەسەر ئەو حەبانە و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دوو کەسی تر پەیوەست بەھەمان دۆسیەوە.