Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
بڕیار بوو ئەمشەو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت و پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا بەڕێوە بچێت، تائێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئەو پرسە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی شاندی گفتوگۆکانی ئەو حزبە لە بەغدا، شوان محەممەد تەھا لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی عێراقە و وەک ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن تەنازولمان لەوە کردووە و دەمانەوێت بڕیارەکە بۆ یەکڕیزی ناوماڵی کورد بێت و کورد لەنێو فراکسیۆنە کوردستانییەکان کاندیدی کورد دەستنیشان بکرێت، بەڵام یەکێتی نایەتە ژێر باری ئەوە".
شوان تەھا گوتی: "دوو رێگا لەسەر ئەو پرسە لەبەردەستە ئەویش ئەوەیە کە یان دەبێت رێكکەوتن ھەبێت یان ئەوەی لەناو فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە ئێمە سەرەڕای ئەوەی زۆرینەین کەسێک دەستنیشان بکرێت ، بەڵام تائێستا ھیچ رێكکەوتنێک نەکراوە و یەکێتی یەکلایەنە دەیەوێت سەرکۆمار ھەڵبژێردرێت ، سەرکۆمار موڵک و پشکی ھیچ لایەنێک نییە و موڵکی خەڵکی کوردە ".
بەرپرسەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەن لایەنە شیعە و سونەکانی عێراقەوە بە ئاشکرا پێیان راگەیەنراوە کە ئەوان ئیحراج نەکەن کە پشتگیری کام لایەنیان دەکەن و وەک کورد بۆ خۆیان لەسەر کاندیدێک رێکبکەون پێش ئەوەی بچنە پەرلەمانەوە.
شوان تەھا ئەوەشی گوت: "یەکێتی ئەو پۆستە بە پشکی خۆی دەزانێت کە پشکی ھەموو کوردە ، دەبێت یەکێتی بێتە بەر باری ئەوەی کە ئێمە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانین لە بەغدا و ھەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان مکوڕە لەسەر بەدەستھێنانی ئەو پۆستە کە چەند خولە بەدەست یەکێتییەوەیە و ھیچ سودێکی بۆ گەلانی عێراق و ھەرێمی کوردستان نەبووە".
لەلای خۆیەوە بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بەغدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی، پێش کۆبونەوەی پەرلەمان و ئەمڕۆ چەند کۆبونەوەیەک لەسەر ھەموو ئاستەکان لەنێوان ھەردوولا لە بەغدا کراوە، بەڵام نەگەیشتونەتە رێکكەوتن و بە دوو کاندیدی جیا دەچنە کێبڕکێی پەرلەمانەوە.
بەرپرسەکەی یەکێتی ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە لایەنە شیعە و سونەکان داوایان لێکردون بە یەک کاندید بەشداری کێبڕکێی ھەڵبژاردنی سەرکۆمار بکەن و ئەوان ئیحراج نەکەن.
شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەستی بە کۆبونەوەو گفتوگۆ کرد لەسەر ئەو پرسە و بەدەستھێنانی پشتیوانی لایەنە عێراقییەکان بۆ کاندیدی حزبەکەی، شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سکرتێری گشتی حزبەکە، کۆسرەت رەسول دوێنێ گەیشتنە بەغدا و بە ھەمان شێوە لە ھەوڵی سەرخستنی کاندیدی خۆیاندان.
کاندیدی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ ئەو پۆستە ، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان ، فوئاد حسێن ـ ە و ھەردوولا لەسەر ئەو پۆستە ناکۆکی توندیان ھەیە، جگە لەو دوو لایەنە شەش کاندیدی تری کورد و ژمارەیەک کاندیدی عەرەب بۆ ئەو خۆیان کاندید کردووە و کێبڕکێی دوو کاندیدەدەی پارتی و یەکێتی دەکەن.