Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
وەرگرتنەوە و وردبینی کردنی سندووقەکانی دەنگدانی گشتی و تایبەت لە سلێمانی کۆتاییھات .
جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان، دیار نەسرەدین لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لە دوای تەواوبونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و گواستنەوەی سندووقەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ھۆڵی یانەی وەرزشی سلێمانی ، ئەمڕۆ دەستکراوە بە وردبینی کردنی فۆرم و سندووقەکان و ئەگەر ھەردوکیان تەواو بون و لەیەکچوو بون و فۆڕمەکان تەواو بون ئەوا سندووقەکان لادەبەین، ئەگەر کێشەیەک و کەموکوڕیەکیش ھەبێت ئەوا سندووقەکە جیا دەکەینەوە".
ئەو گوتی: "لە ماوەی کەمتر لە ١٨ کاتژمێری کارکردنی کارمەندەکاندا توانراوە کاری وەرگرتنەوە و وردبینی کردنی ھەموو فۆڕم و سندووقەکان بکرێت کە ژمارەیان دوو ھەزار و ٣٠٦ سندووقە و پڕۆسەکە ئەمشەو تەواو بوو".
دیار نەسرەدین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سندوقانەی بە سوور دیاری کراون و سکاڵایان لەسەرە ژمارەیان ١٢٠ سندووقە و جیاکراونەتەوە.
دوێنێ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. لە سلێمانی یەک ملیۆن و ١٣٤ ھەزار و ٧٦٠ کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو ، بەڵام رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنەکە بریتیبووە لە سەدا ٥٣,١ ی دەنگدەران.