شەقامی ئیسکان، وێستگەی خوان لە هەولێر
شەقامی ئیسکان، کە یەکێکە لە زیندووترین شەقامەکانی هەولێر، بە هۆی ئەو چێشتخانانەی ریز لە دوای ریز تیایدا هەن لەگەڵ عەرەبانە گەڕۆکەکان و مێزی خواردن، هەموو جۆرە خوانێکی ناوچەکە دەست دەکەوێت.
Arbil
هەولێر - AA
شەقامی ئیسکان یەکێکە لە قەرەباڵغترین و زیندووترین شەقامەکانی هەرێمی کوردستان، سروشتی ئەم بازارە وایە کە هیچ کات چۆڵ نابێت، شەو و رۆژ جمەی دێت لە هاووڵاتییان بەتایبەت گەنج و لاوەکانی هەولێر.
ئیسکان دەکەوێتە ناوەندی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، زیاتر بەوە ناسراوە کە شوێنی کافتریا و چایخانە و چێشتخانە و خواردنە خێراکانی سەر عەرەبانەکانە، لەم شەقامە هەر جۆرە خواردنێکت بوێت دەستدەکەوێت، بە نموونە کوببە، لەفەی جگەری مریشک، سنگی مریشک، قیمە، گۆشت، نۆکاو، تشریب، برنج و شلە و خواردنی بەیانی و جۆرەها خواردنی دیکە کە هەندێکیان بوونەتە مۆرک و پێناسەی شەقامەکە و زیاتر لێرە دەبینرێن.
ئیسکان بەوە ناسراوە هەمیشە قەرەباڵغە بەڵام شەوانی رەمەزان قەرەباڵغتر دەبێت و تا بەرەبەیان شەقامەکە جمەی دێت لەو گەنجانەی سەرقاڵی خواردن و گفتوگۆ و کات بەسەربردنن.
محەمەد غەریب ماوەی هەشت ساڵە لە ئیسکان عەرەبانەی فرۆشتنی کوببەی داناوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو و گوتی "من وەک کاسبکارێک لە شەقامی ئیسکان لە ساڵی ٢٠١٣ەوە کوببە دەفرۆشم، ئێمە زیاتر شەوان کاردەکەین بەرنامەی خۆم وایە شەوان کاتژمێر ١١ دێمە ئێرە هەتاوەکو بانگی بەیانی لێرە دەبین، من بۆخۆم ئەو کاتە دێم ئەگینا ئیسکان ٢٤ کاتژمێر کراوەیە".
دەربارەی جۆری خواردنەکەی و خواستی خەڵکیش لەسەری گوتی "کوببە خواردنێکە خواستێکی زۆری خەڵکی هەولێری لەسەرە، ئەوەی ئێمە دروستی دەکەین گۆشتی خۆماڵی بەکاردەهێنم و کەرەستەکانی خۆمانەیە و کاری دەستی خۆمە، کوببەی بروێشمان هەیە قیمە و تەماتە و کەرەروز و پیازی تێدەکەین، کوبەی برنجیشمان هەیە بەهەمان شێوە ئەو کەرەستانەی تێدەکەین، بۆرەکیشمان هەیە ئەویان مریشکی تێدەکەین".
یەکێکی دیکە لە لەفە فرۆشەکانی ئیسکان کە ئێمە چووینە لای ناوی بەشار ئەمیر بوو، بەشار خەڵکی سلێمانییە و لە هەولێر نیشتەجێیە، وەک خۆی باسی کرد خواردنێکی جیاواز پێشکەش دەکات چونکە نانی گەرمییان هەیە و بە گەرمی خواردن پێشکەش دەکەن.
بەشار بۆ ئانادۆڵو گوتی "ئەوەی رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بازارگەرمی ئێمە نانە گەرمەکەیە، خەڵکێکی زۆر کە لێمان رازییە بەهۆی ئەو نانەوەیە، جگە لە پاک و تەمیزی کە بنەمای کارکردنمانە".
دەربارەی جۆری خواردنەکانی گوتی "لە ئیسکان زۆرترین خواست لەسەر جگەری مریشک و گۆشتی سوورە، جگە لەوە عەلە شیش و سنگی مریشکیشمان هەیە و خواستێکی زۆریان لەسەرە و خەڵکن لێمان رازییە".
دەربارەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر کار و بازاری لەفە فرۆشان لە شەقامی ئیسکان، بەشار ئەمیر گوتی "بێگومان بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کاریگەری گەورەی لەسەر هەموو بازار هەبوو نەک بە تەنیا ئێمە، بەڵام بۆ ئەوەی متمانە لای خەڵک دروست بکەین دەبێت پاک و خاوێن بیت، منیش ئەو بازارەی کە دروستم کردووە بۆخۆم بەهۆی پاکوخاوێنی و دەستاوە خۆشەکەمانەوەیە، ئێمە لە سلێمانییەوە بۆ کەسابەت هاتووینەتە ئێرە و لەخوا بەزیادبێت خەڵکێکی زۆر نانمان لادەخۆن و لێمان رازین".
گوڵەبەرۆژەی گەرم شەوچەرەی رەمەزانە، ئەمە کاری محمد لوقمان بوو لە شەقامی ئیسکان کە مێزێک و ئاگرێکی داناوە و بە گەرمی گوڵەبەرۆژەی برژاو پێشکەشی میوانانی شەقامەکە دەکات.
محەمەد دەربارەی شەقامی ئیسکان گوتی "ئیسکان شەقامێکە ٢٤ کاتژمێر کراوەیە، خەڵک تا شەو درەنگ لێی دادەنیشن تاوەکو بانگی بەیانی، شەقامێکی زۆر باشە بۆ کارکردن هەمیشە کار هەیە و قەرەباڵغە، خەڵک دێن نان دەخۆن لێرە یان لە چاخانەکان دادەنیشن یان سەیری یارییەکان دەکەن".
محەمەد گوتیشی "ئیسکان هەمیشە قەرەباڵغە بە شەو تا دوای کاتژمێر سێی بەرەبەیان خەڵکی لێیە دوای ئەوە یەک دوو کاتژمێر کەمێک چۆڵ دەبێت و لە بەیانی زووەوە چاخانەکان پڕ دەبنەوە لە فەرمانبەران و خەڵکی دیکە بۆ نانخواردنی بەیانی روو لە شەقامەکە دەکەن".
رێباز خالید یەکێکە لە چایچییەکانی شەقامی ئیسکان، ساڵانێکی زۆرە لەو شەقامە عارەبانەی چای هەیە و دەڵێت چاکەم جیاواز و بەچێژە.
دەربارەی شەوانی رەمەزانی شەقامی ئیسکان بۆ ئانادۆڵو دواو گوتی "ئیسکان بەوە ناسراوە لە هەموو لایەکەوە خەڵک رووی تێکردووە، ئەوانەی دێن بۆ ئیسکانیش زیاتر گەنجانن، لە مانگی رەمەزانیشدا هەتاوەکو پارشێو قەرەباڵغی لە ئیسکان هەیە، خەڵک تاوەکو کاتی پارشێو لێرە زیاتر چا و گوڵەبەڕۆژە دەخۆن و کاتەکانیان بەسەر دەبەن و سەیری یاری دەکەن، کە گەیشتیشە کاتی پارشێو هەر لێرە ناندەخۆن و پارشێو دەکەن".
دەربارەی چای شەقامی ئیسکانیش رێباز خالید گوتی "لە ئیسکان چای خەڵوز هەیە، ئەم چایە تایبەتمەندی خۆی هەیە وەک چای دیکە نییە تایبەتمەندی خۆی هەیە و تاموبۆنی جیاوازە، ئێمە نزیکی ١٠ جۆر چا تێکەڵاو دەکەین و بە خەڵوزیش دەیکوڵێنین بۆیە تامێکی جیاواز و خۆشتری هەیە لە چای ئاسایی و خۆشترە هەر ئەوەشە وایکردووە خەڵک وا راهاتوون کۆدەبنەوە و دەڵێن دەچینە ئیسکان چای خەڵووز دەخۆینەوە".
دەربارەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا و جیاوازی شەقامەکە لەگەڵ ساڵانی دیکە گوتی "بەهۆی کۆرۆناوە هەموو شتێک گۆڕاوە و بازاڕی هەموو شوێنێک گۆڕانکاری تێدا روویداوە، بەڵام راستییەک هەیە لێرە زیاتر گەنج کۆدۆبێتەوە گەنجیش زۆر گوێ نادەن بە هەموو شتێک بۆیە هەر کۆدەبنەوە و هەر دێن بۆ ئیسکان و بەهەر شێوازێکبێت کۆبوونەوەی خۆیان هەر دەکەن و شەقامەکە قەرەباڵغ دەکەن بەڵام سەرباری ئەوەش کاریگەری هەر هەبووە، ساڵانی رابردوو ئۆتۆمبێل زۆر بە زەحمەت دەتوانی لەم شەقامە هاتوچۆ بکات بەڵام ئێستا تا رادەیەک ئاساییە و ئۆتۆمبێل دێت و دەچێت".
