بەبۆنەی مانگی ڕەمەزان منداڵانی باخچەیەکی ساوایان لە هەولێر فێری خوێندنی قورئانی پیرۆز دەکرێن
باخچەی ساوایانی پەنگوین لەچالاکییەکی مانگی ڕەمەزاندا نزیکەی ٣٠ منداڵی باخچەکەیان دەبەنە مزگەوتی حاجی مەکییە لە شاری ھەولێر و لەوێ فێری نوێژ و قورئان خوێندن دەکرێن.

Arbil
هەولێر - AA
بەبۆنەی ھاتنی مانگی ڕەمەزان، منداڵانی یەکێک لە باخچەکانی ساوایان دەبردرێنە مزگەوتێک و لەوێ فێڕی ڕوکنەکانی ئیسلام و نوێژ و قورئان خوێندن دەکرێن.
باخچەی ساوایانی پەنگوین لەچالاکییەکی مانگی ڕەمەزاندا نزیکەی ٣٠ منداڵی باخچەکەیان دەبەنە مزگەوتی حاجی مەکییە لە شاری ھەولێر و لەوێ فێری نوێژ و قورئان خوێندن دەکرێن و منداڵەکانیش تەمەنییان نزیکەی پێنج ساڵانەیە و بە ڕەزامەندی دایک و باوکیان، بەشدارییان لەو چالاکییانەدا پێ دەکرێت.
منداڵەکان لە ھەر دوو ڕەگەزن و ئارەزووی فێربوونی قورئانی پیرۆز و نوێژکردنییان ھەیە و لە ھۆڵێکی مزگەوتەکە بەشێوەیەکی بازنەیی دەور لە مامۆستاکەیان دەدەن و پیت و وشە و ئایەتەکانی قورئان دەڵێنەوە و لە بڕگەیەکی دیکەی چالاکییەکەشدا فێری چۆنییەتی نوێژکردن دەکرێن.
منداڵ یەکێکە لە بەخششە ھەرە بەرزەکانی خوای گەورە کە خوا بە دایک و باوک دەبەخشێت، هەروەک لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: "الْمَالُ وَالْبَنُونَ زِينَةُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا". واتا ماڵ و منداڵ جوانی ژیانی دونیان.
هەروەها نوێژ یەکێکە لە پایە گرنگەکانی ئایینی ئیسلام و جیاکەرەوەی کوفر و باوەڕە، هەروەک خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا لا نَسْأَلُكَ رِزْقاً نَحْنُ نَرْزُقُكَ وَالْعَاقِبَةُ لِلتَّقْوَى واتا: فەرمان بدە بەھەموو تاکەکانی خێزانت تا نوێژەکانیان بکەن و بەردەوام و خۆڕاگربن لەسەری، ئێمە داوای ڕزق و ڕۆزی لەتۆ ناکەین، بەڵکو ئێمە ڕزق و ڕۆزی بەتۆ دەبەخشین.