Muhammet Ali Kemal
09 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2016
نیویۆرک - AA
سەرۆکی نوێی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە دەبنە خاوەنی بەهێزترین ئابووریی لەجیهاندا. هاوکات لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکەدا پەیوەندییەکانیان باش دەبێت.
45ەمین سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گوتاری سەرکەوتنی بەئامادەبوونی دەنگدەرانی پێشکەش کرد.
ترەمپ لەبەرامبەر ئەو ژمارە زۆرە لەدەنگدەرانیدا کە بەخۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لێی کرد، بە سوپاسکردنی تیمی هەڵمەتی بانگەشەکەی و خانەوادەکەی دەستی بەگوتارەکەی کرد.
ئاماژەی بەوەکرد کە هیلاری کلینتۆن پەیوەندیی پێوەکردووە و پیرۆزبایی لێکردووە و، رایگەیاند ''هیلاری سەرکەوتنی لێ پیرۆزکردین''.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەکرد کە هیلاری کلینتۆنی رکابەری هەوڵی زۆری داوە و گوتی: ''بەهۆی ئەو خزمەتەی پێشکەشی ئەم وڵاتەی کردووە، ئێمە قەرزای ئەوین''.
ترەمپ لە گوتارکەیدا پەیامی یەکگرتوویی دا و گوتی: ''کاتی ئەوەیە کە دابەشبوون و برینەکان لەئەمریکا چارەسەربکرێن. وەک کۆماری و دیموکراتەکان پێویستە دووبارە کۆبینەوە. بەڵێنی ئەوە دەدەن ببمە سەرۆکی هەموو ئەمریکییەکان. بەهاوکاری و رابەرایەتی ئێوە یەکریزیی وڵاتەکەمان پتەو دەکەینەوە''.
جەختی لەوەشکردەوە ئەوان زیاتر لەهەڵمەتێکی هەڵبژاردن بزاوتێکیان بەڕێوەبردووە کە نەژاد و ئایینی جیاوازی لەخۆگرتووە و ملیۆنەها کەسی نیشتمانپەروەری ماندوونەناس بوون و گوتی: ''دووبارە وڵاتەکەمان و خەیاڵەکانمان بنیات دەنێینەوە''.
دۆناڵد ترەمپ لەگوتارەکەیدا پەیامی سەبارەت بە ئابووریی و گەشەسەندن دا و گوتی: ''دەبینە خاوەنی بەهێزترین ئابووریی لەجیهاندا. هاوکات لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکەدا پەیوەندییەکانمان باش دەبێت''.
هەروەها ترەمپ بەڵێنی ئەوەیدا کە ئەمریکییەکان نائومێد نەکات و گوتیشی پرۆسەی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە بەڵام کارەکان تازە دەست پێ دەکەن.
راشیگەیاند ''چیتر ئەمریکا کەمتر لەباشترین شتەکان پەسەند ناکات''.
دواتر ترەمپ لەلایەن دەنگدەرانەوە پیرۆزبایی لێکرا و وێنەی لەگەڵ لایەنگرانیدا گرت.