Abdullah Shukur
14 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی رایگەیاند کە ئەو ھێرشبەرەی لە نزیک شاری واشنتۆن ھێرشی کردووەتە سەر ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، کوژراوە و ئەندامی ئەجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی کۆماریخوازەکان، ستیڤ سکالیس برینداربوو. راشیگەیاند کە باری تەندروستی ئەو ئەندامە جێگیرە.
ترەمپ لەبارەی ئەو ھێرشە چەکدارییەی کە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە نزیک شاری ئەلێکساندرای سەر بە ویلایەتی ڤیرجینیا لە نزیک واشنتۆن ئەنجامدرا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد.
ترەمپ لە سەرتای قسەکانی زانیاری لەبارەی ھێرشبەرەکە ئاشکرا کرد و گوتی: "ھێرشبەرەکە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. باری تەندروستی ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، ستیڤ سکالیس جێگیرە".
ترەمپ باسی لەوەش کرد کە لە کاتی ھێرشەکەدا ئەندامانی کۆنگرێس سەرقاڵی یاری بەیزبۆڵ بوونە و دوو پۆلیسی کۆنگرێسیش دەستبەجێ وەڵامی ھێرشەکەیان داوەتەوە.
ترەمپ گوتیشی: "ئەگەر دوو پۆلیسی کۆنگرێس نەبوونایە ئەوا ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەکوژران".
ترەمپ راشیگەیاند کە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، سکالیس برینداربووە و هەموو گەلی ئەمریکاش نزا بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە لە ھێرشەکەدا برینداربوون.
لە ئاکامی ھێرشێکی چەکداریی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە شاری ئەلێکساندریای سەر بە ویلایەتی ڤێرجینیا، پێنج کەس برینداربوون کە یەکێکیان ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکایە.
لەلایەکی دیکەش نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ناسراو بە (FBI) رایگەیاند کە ھێشتا زۆر زووە بزانرێت کە ھێرشەکە تیرۆریستییە یاخود نا.
میدیاکانی ئەمریکا بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی پۆلیس بڵاویان کردووەتەوە کە ھێرشبەرەکە ناوی جەیمس ھادکینسۆنە و تەمەنی ٦٦ ساڵە. بەڵام پۆلیسی ئەو وڵاتە ھێشتا روونکردنەوەیەکی فەرمی لەوبارەیەوە نەکردووە.