Hosni Nedim
26 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2024
غەززە ــ AA
سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی بۆسەر شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە ئەنجامدا و لە ئاکامدا، ١١ فەڵەستینی کوژراون.
چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە زنجیرەیەک ھێرشدا، خانوویەکیان لە باکووری شاری ڕەفەح بۆردومان کردووە و لە ئاکامدا، شەش فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەیان بەوەشدا کە ژمارەیەک فەڵەستینی لە ناوەڕاستی شاری ڕەفەح، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون و لە ئاکامدا، چوار فەڵەستینی کوژراون.
ھەروەھا باسیان لەوەشکرد کە لە ئاکامی بۆردومانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەی خەربەت عەدەس باکووری شاری ڕەفەح، فەڵەستینییەک کوژراوە.
ھاوکات شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاند کە سوپای ئیسرائیل، بە درێژایی شەو ڕابردوو تا بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی بۆسەر ژمارەیەک گەڕەک لە ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتی شاری ڕەفەح ئەنجامداوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بڕیاریدا بە گرتنەبەری زنجیرەیەک ڕێوشوێنی کاتی نوێ بۆ ڕێگریی کردن لە کۆمەڵکوژی لە غەززە و لە میانیدا داوای لە ئیسرائیل کرد کە دەستبەجێ ھێرشەکانی بۆسەر ڕەفەح بوەستێنێت، ھەروەھا دەروازەی ڕەفەح بە ڕووی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ کەرتی غەززە بکاتەوە.
ھەروەھا دادگا داوای لە ئیسرائیل کردووە کە لە میانی یەک مانگدا، ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانە پێشکەش بکات.