ھاکان فیدان: "تورکیا لە نزیکەوە چاودێری دانوستانەکانی ئێستای نێوان ئیسرائیل، سووریا و ئەمریکا دەکات"
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان: "تورکیا لە نزیکەوە چاودێری دانوستانەکانی ئێستای نێوان ئیسرائیل، سووریا و ئەمریکا دەکات".
Ankara
ئەنقەرە ــ AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان ڕایگەیاند، بەم نزیکانە ئاشتییەکی ھەمیشەیی بەدی دێت کە کۆتایی بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەھێنێت.
ھاکان فیدان دوای بەشداریکردنی لە لووتکەی "ھاوپەیمانی خۆبەخشان" کە لە پاريس پایتەختی فەڕەنسا بەڕێوەچوو بۆ ڕۆژنامەنان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لە پاريس لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، ئەسعەد شەیبانی کۆبووەتەوە.
ڕاشیگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی ژمارەیەک پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە و گوتی: "تورکیا لە نزیکەوە چاودێری دانووستانەکانی ئێستای نێوان ئیسرائیل، سووریا و ئەمریکا دەکات".
گوتیشی: "ئێمە لە ڕاوێژی بەردەوامداین لەگەڵ ھەردوو لایەنی سووریا و ئەمریکا و دوای ئەو گفتوگۆیانە کۆبووینەوە و کۆمەڵێک بابەتمان بە وردی تاوتوێ کرد، لەوانە قۆناغی ئەو دانوستانانەی کە لە پاريس ئەنجامدران، ھەروەھا ئەو ئەنجامانەی کە لە کاتی دانوستانەکانی لایەنی سووریا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ ڕێکخراوی یەپەگە ئەنجامدرا، بەدەست ھاتوون یان بەدەست نەھاتوون".
باسی لەوەش کرد کە ھەر لە پاريس لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک کۆبووەتەوە و لە میانیدا زانیاری لەبارەی ڕێرەوی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان (سووریا، ئیسرائیل و ئەمریکا) وەرگرتووە و ڕاشیگەیاند کە بۆچوونی خۆی لەوبارەیەوە خستووەتەڕوو.
ھەروەھا وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: "کردارە ئیستیفزازییەکانی ئیسرائیل لە سووریا، درێژکراوەی ئەو سیاسەتەيە کە بۆ فراوانخوازی و دابەشکاریی لە ناوچەکەدا، پەیڕەوی دەکات".
گوتیشی: " ئێمە ئەوە زۆر بە ڕوونی دەبینین و لەبەر ئەوەی سووریا وڵاتێکی دراوسێی ئێمەیە، ھەموو ئەو شتانەی لەوێ ڕوودەدەن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئێمەوە ھەیە، ھیوادارین زەمینەیەکی باش بۆ دانوستان و ڕێککەوتنێک بدۆزینەوە کە ھەموو لایەنەکان ڕازی بکات و سەقامگیری بەدەست بھێنێت".
باسی لەوەش کرد کە پێویستە ڕێوشوێنی پێویست لە پێناو سەقامگیریی ناوچەکە بگیرێتەبەر.
جەختی لەوەش کردەوە: "ھەنگاوەکەی ئیسرائیل سەبارەت بە سۆمالیلاند، یەکێکە لە پڕۆژەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە".
ھەروەھا ھاکان فیدان ڕایگەیاند، ئەو لووتکەیەی کە دوێنێ سێشەممە لە پارێس تایبەت بە ئۆکراینا ئەنجامدرا، لووتکەیەکی "گرنگ" بوو.
گوتیشی: "نزیکین لە ئاشتییەکی ھەمیشەیی کە کۆتایی بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەھێنێت".
