Mohammad Farid Mahmoud Abdullah
27 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2022
مۆسکۆ ــ AA
کۆمپانیای گازپرۆم-ی رووسی رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە گواستنەوەی غاز بۆ ئەورووپا لە رێگای ئۆکرایناوە و ھێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، کاریگەریی نەکردووەتە لەسەر ھەناردەکردنی غاز لە رووسیاوە بۆ ئەورووپا.
ئاژانسی ھەواڵیی "TASS"ی رووسیی بڵاوی کردەوە، گوتەبێژی کۆمپانیای گازپرۆم، سێرگی کۆبریانۆڤ رایگەیاندووە "لە ٢٧ی ئەم مانگەوە، قەبارەی غازی گواستراو بۆ ئەورووپا، دەگەیەنین بە ١٠٧ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار مەتر سێجا لە رۆژێکدا".
سێرگی کۆبریانۆڤ ئاماژەی بەوەیش داوە کە ھێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، کاریگەریی نەکردووەتە سەر ھەناردەکردنی غاز لە رووسیاوە بۆ ئەورووپا و گوتی: "ھەناردەکردنی غاز لە رووسیاوە بۆ ئەورووپا، وەک ئەوەی ئێستا ھەیە، بەردەوام دەبێت".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، بەریتانیا و کەنەدا بەھۆی ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا رێککەوتن لەسەر دەرکردنی بانکەکانی رووسیا لە کۆمەڵەی پەیوەندیی دارایی جیهانیی نێوان بانکەکان "SWIFT" کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا دەستەبەری گواستنەوەی پارە دەکات.