Seyit Aydoğan
22 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2020
تۆرۆنتۆ- AA
کەنەدا لە سێ ساڵی داهاتوودا، ۹۰ ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەش بە فەڵەستینییەکان دەکات.
لەو بارەیەوە وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی کەنەدا، کارینا گۆوڵد رایگەیاند "وەڵامدانەوەی پێداویستی فەڵەستینییەکان و دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکانیان بەشێکی ئاشتی و خۆشگوزەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەم هۆیەوە کەنەدا سوورە لەسەر ئەوەی پێداویستی هەژارترینی ئەم کەسانە دابین بکات".
کارینا گۆوڵد ئەوەشی ئاشکراکرد کە یارمەتییەکان لەڕێگەی ئاژانسی هاوکاری و خزمەتی پەنابەرە فەڵەستینییەکانی سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) دەگەیەندرێنە ئاوارە فەڵەستینییەکانی کەناری رۆژئاوا، کەرتی غەززە، سووریا، لوبنان و ئوردن.
ناوبراو گوتیشی: "ئەم هاوکارییانە، یارمەتی دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییە سەرەتاییەکانی ژنان و منداڵانی فەڵەستین دەدات. هەروەها ئاژانسی (UNRWA) هاوکاری مرۆیی بەپەلە دەگەیەنێتە نزیکەی ٤٦٥ هەزار پەنابەری فەڵەستینی لە سووریا و لوبنان، هەروەها ئەو پێداویستییانەش دابین دەکات کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هاتوونەتە ئاراوە. ئەم هاوکارییانەی کەنەدا بۆ فەڵەستینییەکان نیشاندەری ئەو خواستەیە کە ماوەیەکی درێژە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستینییەکان هەمانە".