کەرتی غەززە.. بریندارکردنی ٤٠ هاووڵاتی فەڵەستینی
- لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیلی بەڕووی خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی لە میانی بەشدارییکردنیان لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەی گەورە لە نێوان سنووری رۆژھەڵاتی غەززە و ئیسرائیل، ٤٠ خۆپیشاندەر برینداربوون.
Gazze
غەززە - AA
لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیلی بەڕووی خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی لە میانی بەشدارییکردنیان لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەی گەورە لە نێوان سنووری رۆژھەڵاتی غەززە و ئیسرائیل، ٤٠ خۆپیشاندەر برینداربوون.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، ئەشرەف قودرە لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندووە، ٤٠ بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکان لە کەرتی غەززە کە بەهۆی پەلامارەکانی سوپای ئیسرائیل لە میانی رێپێوانەکانی گەڕانەوەی گەورەدا بریندار بوونە.
ئەشرەف قودرە ئاماژەی بەوەکردووە کە دۆخی تەندروستی سێ لە بریندارەکان مەترسیدارە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە وردەکاریی سەبارەت بە دۆخی تەندروستی بریندارەکانی دیکە نەداوە.
ئەمڕۆ ھەینی بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەى گەورە، هەزاران فەڵەستینی روویان لەو خیوتانە کرد کە بە درێژایی سنووری نێوان رۆژھەڵاتی غەززە و ئیسرائیل ھەڵدراون.
سوپای ئیسرائیل ئەو رێپێوانە کە بە ئاشتی بەڕێوەدەچێت سەرکوت دەکات و بە ھۆیەوە تاکو ئێستا دەیان ھاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و بریندارکراون.