Rewa Mahmut Hasan
23 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2017
جنێڤ-AA
لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان خولی چوارەمی دانیشتنەکانی جنێڤ لەسەر پرسی سووریا بەکۆبوونەوەی دووقۆڵی دەستیان پێکرد.
نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆکاروباری سووریا، ستافان دی میستورا بەجیا لەگەڵ وەفدی رژێمی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن لە بینای نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوویەوە.
ستافان دی میستورا سەرەتا لەگەڵ نوێنەری سووریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەشار جەعفەری و وەفدی یاوەری کۆبوویەوە و دواتر لەگەڵ وەفدی ئۆپۆزسیۆن دانیشتنێکی ئەنجام دا.
سەرۆکی وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ناسر حەریری و یاریدەدەری سەرۆکی کۆمیتەی باڵای دانوستانکار، یەحیا قەدەمانی و گەورە راوێژکار، محەمەد سەبرا بەشداریان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
بڕیارە دوای نیوەڕۆ بەفەرمی دانیشتنەکانی خولی چوارەم دەست پێ بکات.
ستافان دی میستورا ئاماژەی بەوەدا کە تائێستا شێوازی چاوپێککەوتنە نادیارە و راگەیاند کە شەوی رابردوو ئۆپۆزسیۆن ئاماژەیان بەوەداوە کە بۆ ئەوەی کات بەفیڕۆنەدەن، راستەوخۆ لەگەڵ وەفدی رژێمی ئەسەددا کۆببنەوە.
لە دانیشتنەکانی ناو بینای نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە وەفدی ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریا، هەریەک لە وەفدی رووسیا، تورکیا، ئێران، ئەمریکا و نوێنەرانی ئەندامی پشتگری نێودەوڵەتی بەشدار دەبن.
نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، مایکل راتنەی بەناوی ئەمریکا و، نوێنەری رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئالێکسەی بۆرۆداڤکین بەناوی رووسیاوە بەشداری کۆبوونەوەکان دەکەن.
دوێنێ، ستافان دی میستورا رایگەیاندبوو کۆبوونەوەکان لە چوارچێوەی بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایش بەڕێوەدەچێت کە خۆی لە پێکهێنانی حکوومەتێکی راگوزەر و ئیدارەی نوێی کاتیی بۆ ١٢ مانگ و ئامادەکردنی دەستورێکی نوێ و هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانەدا دەبینێتەوە.