Ramal Mahmood
23 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان – AA
جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و رێکخەری باری لەناکاو، ستیفن ئۆبراین: "ساڵی رابردوو بەتێکڕایی رۆژانە پێنج هەزار کەس لەسەر ماڵوحاڵی خۆیان دەربەدەر بوون. شەش ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لەناو وڵات ئاوارە بوون، چوار ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەسیش وەک پەنابەر ناویان لە وڵاتانی هاوسێ تۆمار کراوە. نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسیش پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی ئەورووپا".
جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و رێکخەری باری لەناکاو، ستیفن ئۆبراین سەبارەت بەکۆبوونەوەکانی جنێڤ لەبارەی سووریا رایگەیاند کە هەموو جیهان و هاووڵاتییانی سووریا چاویان لەو کۆبوونەوانەیە، دەتوانن پەیمان بدەن بۆ بژاردەی چارەسەری سیاسیی بێ ئەوەی ببێتە هۆی کووشتنی هاووڵاتییان و کاولکاری.
ستفن ئۆبراین لەمیانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی رەوشی مرۆیی لە سووریا دوا و ئاماژەی بەوە دا کە لە سووریا ١٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هاووڵاتی پێویستیان بەهاوکاری مرۆییە و لە سەدا ٨٥ی هاووڵاتییانیش لە هێڵی هەژاریدا دەژین.
ئۆبراین تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە تاکو ئێستا زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی سووریا لەسەر ماڵوحاڵی خۆیان دەربەدەربوون، گوتی: "ساڵی رابردوو بەتێکڕایی رۆژانە پێنج هەزار کەس لەسەر ماڵوحاڵی خۆیان دەربەدەر بوون. شەش ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لەناو وڵات ئاوارە بوون، چوار ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەسیش وەک پەنابەر ناویان لە وڵاتانی هاوسێ تۆمار کراوە. نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسیش پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی ئەورووپا".
ئۆبراین ئەوەی خستە روو کە وێڕای بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش هێشتا بەدەست کێشەی زۆرەوە گرفتارن لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی، حکوومەتی سووریا بەردەوامە لە دروستکردنی کێشەی رۆتینی، ماوەیەکی زۆرە ناتوانرێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێتە ناوچە گەمارۆدراوەکان.
ئۆبراین باسی لە قۆناغی چوارەمی کۆبوونەوەکان لەبارەی رەوشی سووریا لە جنێڤ کرد کە بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت، ئاماژەی بەوە دا ئەم رەوشە دژوارە بەڕێگەچارەی سەربازی یاخود دابینکردنی هاوکاری مرۆیی چارەسەر نابێت و گوتی: "هەموو جیهان و هاووڵاتییانی سووریا چاویان لە کۆبوونەوەکانی جنێڤە. بەڵام بەپابەندبوون بەچارەسەری سیاسیی خەمخۆرانە دەتوانن بەڵێن بدەن بەشتێک بێ ئەوەی هاووڵاتییان بکوژرێن و ببێتە هۆی کاولکاری. ملیۆنەها ژن پیاو و منداڵی زیانبەرکەوتوو چاوەڕێی هەنگاویکی واتادار و ئەنجامدار لە کۆبوونەوەکە دەکەن".