Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
26 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2019
واشنتۆن - AA
جارد کوشنەر سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە هەریەک لە ئیمارات و عومان لەگەڵ کاربەدەستان کۆبووەتەوە و پرۆسەی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ تاوتوێ کردوون.
بەپێی دوو راگەیەندراو کە لە لایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکراونەتەوە، جارد کوشنەر لە ئیمارات لەگەڵ جێنشینی ئەبوزەبی، شازادە محەمەد بن زاید ئال نهەیان و دواتر لە عومان لەگەڵ سوڵتان قابوس بن سەعید کۆبووەتەوە.
هەریەک لە نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ دانوستانە نێودەوڵەتییەکان، جەیسن گرینبڵات و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئێران، برایەن هووک یاوەری کوشنەریان کردووە لە سەردانەکانیدا.
کوشنەر و شاندی یاوەری لە کۆبوونەوەکانیاندا باسیان لە دوایین قۆناغەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کرد و جگە لەوەش بە شێوەیەکی گشتگیر هەڵسەنگاندنیان بۆ پەیوەندییەکانی ئەمریکا-ئیمارات و ئەمریکا-عومان کرد.
دۆناڵد ترەمپ کە لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧دا لە کۆشکی سپی دەستبەکاربوو، ئەرکی پڕۆسەی ئاشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا رادەستی زاوا و سەرۆکی راوێژکارانی، جارد کوشنەر کرد.
ساڵی رابردوو دوای گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەل ئەبیب-ەوە بۆ قودس، دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستین ئاشکرایکرد واشنتۆن ناتوانێت ببێتە نێوەندگیر لە پرۆسەی ئاشتیدا.