Zana Natık Kerem
09 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و فەڕەنسا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا سەبارەت بە رەوشی ئێستای ناوچەکە و پێشھاتە نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆکراوە.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە بەغدا ئەنجام بدرێت خراوەتە بەرباس و لەوبارەیەوە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن راگەیاندووە کە ئومێد دەکات جارێکی دیکە سەردانی عێراق بکات و لە کۆبوونەکەوەیش ئامادەبێت.
بەپێی راگەیەنراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە فەڕەنسا ھاوبەشێکی راستەقینەی عێراقە و ھەردوو وڵاتیش پەیوەندییەکی مێژوویی پێکەوە دەیان بەستێتەوە و رایگەیاندووە "ھەوڵدەدەین زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین لەگەڵ فەڕەنسا لەسەرجەم بوارەکاندا".
ئاماژەی بەوەیش داوە کە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل پاڵپشتیی خۆی بۆ عێراق، ھەروەھا ئەو رێوشوێنانەی کە سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی بۆ بەھێزکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق گرتوویەتەبەر راگەیاندووە، هەروەها ستایشی دیپلۆماسییەتی عێراقی کردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە ئامانجی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری، بەڕێوەی دەبات.