Hemin Hüseyin
08 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2018
هەولێر - AA
کتێب، یەکێکە لە گرنگترین دەستکەوتەکانی مەعریفی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە خزمەتێکی ئێجگار گەورەی بە مرۆڤایەتی کردووە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا و لەم خزمەتەش بەردەوامە. خوێندنەوەی ئەو کاڵایە چێژی تایبەتی خۆی ھەیە و، تاقە شتێکە کە ھەموو مرۆڤایەتی بە جیاوازی بیروباوەڕ و ئایینەوە بە گرنگی دەزانن. جگە لەوەش، کتێب بە باشترین ھاوڕێی مرۆڤ ناوی دەرکردووە و بنەمای ھەموو شارستانیەت و پێشکەوتنێکە.
پێشتر بازاڕەکانی کتێبفرۆشان لە هەرێمی کوردستان پڕبوون لە خوێنەران و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەش بەردەوام خەریکی چاپکردنی کتێبە جۆراوجۆرەکان بوون، بەڵام ماوەی چوار ساڵە بەهۆی قەیرانیی دارایییەوە رێژەی چاپکردنی کتێب رووی لە لاوازی کردووە و کتێبفرۆشانیش ئاماژە بە پووکانەوەی بازاڕەکە دەکەن.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر سەربە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە پێش دروستبوونی قەیرانی دارایی، چاپکردن لە ئاستێکی باشدا بوو، ئاستی چاپکردنی ناونیشانەکانیش لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا خستەڕوو.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر، سیروان عوسمان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێش دروستبوونی قەیرانەکان، ئاستی کتێب چاپکردن لە ئاستێکی باش بوو. لە ساڵانی رابردوو زنجیرەیەک کتێبی منداڵانمان هەبوو، هەروەها لە بوارەکانی ئەدەبی و رۆشنبیری و ئاستەکانی دیکەی کتێب، چەندین ناونیشانمان چاپکردووە و ئەگەریش قەیرانی دارایی دروست نەبوایە ئەوا دەمانتوانی زۆرترین ناونیشان چاپ بکەین".
پێشووتر شەش ئاستی بەڕێوەبەرایەتی چاپکردن هەبووە لە وەزارەتی رۆشنبیری، بەڵام بەهۆی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە ئەوا تەنیا یەک بەڕێوەبەرایەتی ماوەتەوە و بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش ساڵی پێش دروستبوونی ئەو قەیرانە بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ئێستا ئاستی چاپکردنی کتێب دابەزیووە بەبەراورد بە ساڵانی پێش قەیران، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٣دا ١٩٦ ناونیشانی جیاوازمان چاپکردووە کە تایبەتن بە بواری ئەدەبی، زانستی، فۆلکلۆری و ئایتی و کاریگەریشمان لەسەر ئەو کتێبانە هەبووە کە وەرگێڕدراونەتەوە سەر زمانی کوردی و پشتگیریمان کردووە، واتا هەوڵمانداوە کتێبەکانمان تەنیا زمانی کوردی نەبێت، بەڵکو زمانەکانی دیکەشی تێدابێت کە وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی".
سیروان عوسمان گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٤دا، ئاستی چاپکردن باش بوو بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە ئیتر رێژەکە دابەزی، ئەگەر داتاکانی پێنج ساڵی رابردوو بخەیەڕوو دەبینین کە ساڵانە ئاستی چاپکردن کەم بووەتەوە، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٣ دا ١٩٦ ناونیشانمان چاپکردووە و لە ساڵی ٢٠١٤ دا ٩٢ ناونیشان و لە ساڵی ٢٠١٥دا ٩١ ناونیشان و، لەساڵی ٢٠١٦دا ٢٤ ناونیشان و، لە ساڵی ٢٠١٧ دا ١٩ ناونیشان و، ئەمساڵیش تەنیا ٣ ناونیشانمان چاپکردووە".
کتێبەکانی پێشوو، لە جۆرێک کاغەز پێکدەهات کە لەرووی رەنگ و کێشەوە جیاوازبوو لەوەی ئێستا، ئەو بەڕێوەبەرەش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کاغەزەی ئێستا تەندروستترە لە رووی کێش و رەنگیشەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "کتێبەکان، جاران بە کاغەزی سپی چاپدەکرا و، ئێستا خەڵک بۆ بەهۆکاری سەلامەتی و تەندروستی، رەنگی شامۆیی بەکار دەهێنن و، ئێمەش ئەم بابەتەمان لە رووی زانستییەوە پێ باشترە".
سەبارەت بە جۆری کاغەزەکە و ئەو فۆنتەی کتێبەکانی پێ چاپ دەکرێت، سیروان عوسمان گوتی: "کاغەزەکان زۆر جۆریان هەیە، ئەندەنوسیایی باشترین جۆری کاغەزەکەیە کە لەرووی کێش و رەنگەوە تەندروستترە. کتێبەکان بە ستانداردی چاپ دەکرێت کە درێژییەکەی ١٧ سانتیم و، پانییەکەی ٢٢ سانتیمە و فۆنتی ١٤ بەکاردەهێنین و هەموو تەمەنێک دەتوانێت بیخوێنێتەوە".
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوە، جگە لە قەیرانی دارایی، هەبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کاریگەرییان لەسەر خوێندن هەبووە، بەڵام خەڵک هێندەی چێژ لە خوێندنەوەی کتێب وەردەگرن، ئەوەندە چێژ لە خوێندنەوەی کتێب لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر وەرناگرن. ساڵانە لە هەرێمی کوردستان پێشانگایەک تایبەت بە کتێب دەکرێتەوە کە بەشێکی زۆر لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەماوەی کردنەوەیدا سەردانی دەکەن و بەڕێوەبەری راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەش دەڵێت: "ساڵانە پێشانگای کتێب دەکرێتەوە و پارساڵیش لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر کە ماوەی دە رۆژی خایاند و، لەو ماوەیەدا ١٢ هەزار کەس سەردانی چاپەکانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیرییان کردبوو".
خوێندنەوەی کتێب لە رووی تەندروستییەوە کۆمەڵێک سوودی هەیە وەکو کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و گەشەسەندنی توانا زارەکییەکان و پێکهێنانی کەسایەتییەکی بەهێز. لەگەڵ ئەوەشدا خوێندنەوەی کتێب دەرفەتی باشتر دەدات بە خوێنەر بۆ ئەوەی لە ئەزموونەکانیدا سەرکەوێت. لە نزیک قەڵای هەولێر بازاڕێکی کۆنی کتێبفرۆشان هەیە کە ئەوانەی لەوێ شوێنی کڕین و فرۆشتنی کتێبیان هەیە، ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ خوێندنەوە و کڕین و فرۆشتنی کتێبدا دەژین و بەردەوامیش ئاگاداری کەوتنەبازاڕی نوێترین کتێبن. یەکێک لە کتێبفرۆشەکان کە ماوەی نزیکەی سی ساڵە لەم شوێنە کتێب دەفرۆشن ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ ساڵێک وەکو ئێستا بازاڕی کتێب خراپ نەبووە و، هۆکارەکەیشی بۆ دروستبوونی قەیرانی دارایی دەگەڕێنێتەوە.
خاوەنی کتێبخانەی مەحوی، سورکێو سەلیم سەبارەت بەم بابەتە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زیاتر لە ٢٩ ساڵە خەریکی کتێبفرۆشتنین و هیچ ساڵیک وەکو ئەمساڵ بازاڕی کتێب پاشەکشەی نەکردووە، ئەویش بەهۆی هەبوونی قەیرانی دارییەوە کە کاریگەری تەواوی کردووەتە سەر کڕین و فرۆشتنی کتێب". سورکێو سەلیم گوتیشی: "بۆ نموونە پێش قەیرانی دارایی، مانگانە سێ تا چوار ناونیشانی کتێبم چاپ دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی هەبوونی قەیرانی داراییەوە، لە ئێستادا ماوەی شەش مانگ کتێبێک چاپ ناکەین".
لەبارەی جیاوازییەکان لە پێش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و دوای دروستبوونی ئەم قەیرانەش، سورکێو سەلیم گوتی: "پێش دروستبوونی قەیرانی دارایی، رۆژی واهەبووە سەد دانە کتێبم فرۆشتووە و، ئێستاش رۆژانە ئەگەر پێنج دانە کتێب بفرۆشم. ئەوانەیشی کە کتێب دەکڕن زیاتر چینی گەنجەکانن بەتایبەتی رۆمان و چیڕۆک و کتێبی دەروونی دەخوێننەوە، سەرەڕای ئەوەش، لە سەدا پەنجا داشکاندن بۆ نرخەکان کراوە بەڵام هەر کڕیارمان کەمە".
کۆنگرەی گشتی یونسکۆ لە بڕیارێکدا کە لە ١٥ ی تشرینی دووەمی ١٩٩٥ دا پەسەندکرا، رۆژی ٢٣ـی نیسانی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی کتێب و مافی نووسەر راگەیاند. ھەڵبژاردنی ئەم رۆژەش ھۆکارە تایبەتەکەی ئەوەیە کە سێ کەسی بەناوبانگی ئەدەبیات، ويلیام شکسپیر، ماگوێل دی سێرڤانتس و ئینکا گارسێلاسۆ دێلا ڤیگا، لەھەمان رۆژدا و، لە ساڵی ١٦١٦ کۆچی دواییان کردووە