Hemin Hüseyin
18 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر-AA
قەیرانی دارایی و هاتنی وەرزی سەرما، بازاڕی لەنگە فرۆشانی گەرمتر کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، لەبری بازاڕ و مۆڵەکان بەهۆی گرانی نرخی کاڵاکان، روو لە بازاڕی لەنگە فرۆشان دەکەن و لەوێ پێداویستییەکانییان بە نرخێکی کەمتر دەکڕن.
ئەو کەلوپەلانەی لەم بازاڕە دەخرێنە روو لە وڵاتانی ئەورووپاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، لە رووی کوالێتیی و نرخیشەوە بۆ هاووڵاتییان گونجاوە و جگە لە خەڵکی ئەم وڵاتانە، خەڵکی بیانی و پەنابەرانیش لە بازاڕەکە دەبینرێن و خەریکی کڕینی پێداویستی و کەلوپەلەکانن.
هاووڵاتییەک ئاماژە بەوە دەکات کە جاران تەنیا خەلکی هەژار و کەم دەرامەت روویان لەو بازاڕە دەکرد بەلام ئێستا خەڵکی هەژار و دەوڵەمەند سەردانی ئەو بازارە دەکەن و رۆژانی هەینی و رۆژە پشووەکان ئەم بازاڕە جممەی دێت.
هاووڵاتی سالار بلباس لە لێدوانیکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رۆژانە خەڵکێکی زۆر روو لەو بازارە دەکات و نرخەکانی هەرزانن، بۆ نموونە لە مۆلەکان ئەوەی بە ٤٠ دۆلار دەیکڕی ئەوا لێرە بە ٨ هەزار دەیکڕی و کوالێتیشی باشە و لە چینی هەژار و دەوڵەمەند رووی تێدەکەن و جۆرەها کاڵا و پێداویستییەکانی رۆژانەی تێدایە، جۆرەها خەڵک روو لەو بازارە دەکەن و لە هەموو وڵاتانی دونیا ئەو جۆرە بازارە هەیە، مەرج نییە تەنیا شتی کۆن لەو بازاڕە هەبێت چونکە شتی نوێشی تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا جاران تەنیا خەلکی هەژار و کەم دەرامەت رووی لەم بازاڕە دەکرد بەڵام ئێستا خەڵکی دەوڵەمەندیش بۆ کڕین روو لێرە دەکەن".
ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە ئەوانیش هاوشێوەی هاووڵاتیانی دیکە بۆ کڕینی پێداویستی و کەلوپەلانییان روو لەو بازاڕە دەکەن، رەشاد ئیبراهیم پەنابەرێکی سوورییە و دانیشتووی هەرێمی کوردستانە، ئەو کە بۆ کڕینی جلوبەرگ هاتبووە ئێرە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نرخی کاڵا و کەلوپەل لەو بازاڕە لەگەڵ مۆڵەکان زۆر جیاوازە و قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر بازاڕ هەیە و وایکردووە سەردانی ئێرە بکەین، کەمیی نرخەکانیش هۆکارێکە بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر سەردانی بازاڕی لەنگەفرۆشان بکەن".
بەشێک لە خاوەن دوکانەکان ئامادەنەبوون لەبەردەم کامێرا باسی بازاڕگەرمیی لەنگە بکەن بەهۆی ئەوەی ترسیان هەبوو کە خاوەن موڵکەکان دوای بیستنی هەواڵەکە کریێ دوکانەکانیان لەسەر زیاد بکەن، دارەوان رەشاد دوکاندارێکی بازاڕی لەنگە فرۆشانە و ئەو نەیشاردەوە کە بازاڕی لەنگەفرۆشان گەرمە و جموجۆلی تێدایە.
دارەوان رەشاد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای قەیرانی دارایی، ئەوا بازاڕ زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە چونکە پێشتر خەڵک دەچوو قەمسەلەیەکی دەکڕی بە ٥٠ دۆلار و ئێستا لە بازاڕی لەنگەفرۆشان بەو پارەیە ٥ دانە قەمسەڵە دەکڕێت، بەگشتی جموجۆڵی بازاڕیش باشە و خەڵک زۆر روو لەو بازاڕە دەکەن و جموجۆڵی بازارگانی هەیە".
بازاڕی لەنگە فرۆشان دەکەوێتە سەنتەری شاری هەولێر و نزیکەی ٢ هەزار و ٣٠٠ دوکانی تێدایە و لە رۆژانی هەینی و رۆژانی پشوو، دەبێتە قەڕەباڵغترین شوێنی شار و خەڵکی بە گشتی رووی تێدەکەن.