Rewa Mahmood Hasan
30 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2020
سلێمانی - AA
بەهۆی گەرمای بەتین و رێکارەکانی بەرگرتن لە تەشەنەکردنی کۆرۆنا و نەدانی مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێم، ئامادەکاریی هاووڵاتییان بۆ جەژنی قوربان بە سستی بەڕێوەدەچێت و خەڵکێکی کەمتر روودەکەنە بازاڕەکان بۆ کڕینی پێداویستی جەژن.
هەموو ساڵێک پێش هاتنی جەژنەکانی رەمەزان و قوربان، موسڵمانانی هەرێم بەگشتی لە بازاڕەکاندا کەلوپەلی نوێ و پێداویستی جەژن لە نوقڵ، چکلێت، شەربەت و چەرەس دەکڕن، بەڵام ئەمساڵ بازاڕەکان سستیەکی زۆریان پێوە دیارە لەچاو ساڵانی رابردووداو دووکاندارەکانیش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە پيش جەژن مووچە نەدراوەتە فەرمانبەران.
جەمال کەریم کە یەکێکە لە دوکاندارەکانی بازاڕی سلێمانی و سەرقاڵی فرۆشتنی جلوبەرگە ئاماژە بەوە دەکات کە رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەرگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی کە زۆرێک لە هاووڵاتییانی مووچەخۆر و کاسبکاری گرتۆتەوە، بازاڕیان لەمساڵدا زۆر کزە و لەچاو جەژنی پاردا زۆر کەم کاڵاکانی دەفرۆشرێت.
ئەو دووکاندارە باس لەوە دەکات کە رۆژانە کڕیار روودەکەنە دووکانەکەی، بەڵام تەنیا سەودای جلوبەرگ دەکەن و دواتر دەڕۆن، بێ ئەوەی هیچ بکڕن.
شیلان عەزیز کە دەستی کوڕە بچکۆلانە ٧ ساڵانەکەی گرتبوو، هێنابوویە بازاڕ تاکو جلی جەژنی بۆ بکرێت و دەڵێت،'' جل بۆخۆمان ناکڕین، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەڵام ویستوومانە دڵی منداڵەکانمان رابگرین، چونکە ئەوان لەوە تێناگەن قەیرانی دارایی هەیە یان نا.''
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بەشێک لەو کەسانەی لە ئێستادا لە بازاڕەکاندا شتومەک دەکڕن و بۆ کەمێکیش بێت بازاڕیان جوڵاندۆتەوە، گەشتیارانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن کە بۆ پشووی جەژنی قوربان روویان کردۆتە شاری سلێمانی و دەورووبەریی.