Hemn Husain
23 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2016
هەولێر
لەمیانەی سەردانێکی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ بازاڕی کۆنەفرۆشان لە شاری هەولێر، دەردەکەوێت کە قەیرانی دارایی کاریگەری راستەوخۆی لەسەرئەم بازاڕەدا هەیە، چونکە ئەوانەی هاتوچۆی ئەم بازاڕە دەکەن بەشێکی زۆریان لە چینی هەژارن و لە ئێستادا چینی مامناوەندیش مامەڵەکانیان لە مۆڵ و بازاڕە گرانبەهاکان گواستووەتەوە بۆ بازاڕی کۆنەفرۆشان.
لە دیمانەیەکدا فرۆشیاری کەلوپەلی ناوماڵ دڵزار زرار بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "قەیرانی دارایی کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر بازاڕی کۆنەفرۆشان و بە جۆرێک بەشێکی زۆر لە خەڵک تەنیا بۆ مامەڵەکردن سەردانی ئەم بازاڕە دەکەن و توانای کڕینی کەلوپەلەکانییان نیە هەرچەندە ئێمە نرخەکانمان زۆریش دابەزاندووە بەڵام هێشتا کڕینییان لە توانای گیرفانی خەڵکدا نییە".
سەبارەت بە دابەزینی نرخی کەلوپەلەکانیان، ئەم فرۆشیارە ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی کەلوپەلەکانیان کەمتر لە نرخی خۆی نمایش کردووە و لە درێژەی قسەکانیدا دڵزار زرار گوتی: "لە ئێستادا زۆربەی کەلوپەکانمان کەمتر لەو نرخەی کە کڕیومانە، نمایشی دەکەین بەڵام هەر فرۆشیاری نییە، بۆ نموونە کەلوپەلمان هەبووە پێش ئەم ئەم دۆخە بە 500 دۆلار کڕیومانە و لە ئێستادا بە 400 دۆلار دەیفرۆشینەوە و هەر کەس نایکڕێت، جگە لەوەش جاران کەسێک دەیویست ماڵەکەی خۆی بفرۆشێت، ئەوە لە ماوەی کەمتر لە یەک سەعات هەموو ماڵەکەی دەفرۆشت بەڵام ئێستا رۆژانە خەڵک دێت بۆ ئەوەی ماڵەکەی بفرۆشێت و کەس نایکڕێت".
هەر لە بازاڕی کۆنەفرۆشان، کۆمەڵێک هاووڵاتیی هەیە کە سەرقاڵی کارکردنن بەمەبەستی گواستنەوەی کەلوپەلی کڕیار و فرۆشیارەکان بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و لە ئێستادا ئەوانیش نیگەرانن لەم بارودۆخەی قەیرانی دارایی.
شوفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هێرش سەعدی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەرچەندە بۆخۆم فەرمانبەرم بەڵام ماوەیەکی زۆرە بە هۆی نەبوونی مووچە، ناچار هاتووم لێرە کار دەکەم بەڵام لێرەش لەبەر ئەوەی مامەڵەکردن کەم بووتەوە، بێکار لێرەین و کات بەسەر دەبەین".
ئەو شوفێرە ئاماژەی بەوەشکرد کە دۆخی دارایی و ئابووری خەڵک رۆژ لە دوای رۆژ بەرە خراپی دەڕوات و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "جاران کرێی گواستنەوە بۆ ناوشار 30 هەزار بوو، لە ئێستادا بە 10 هەزاریش دەچین بەڵام هیچ کڕین و فرۆشتنێک نییە و ماوەی یەک مانگی دەبێت 15 هەزارم کار کردووە و ئەگەر وا بڕوات ژیان و گوزەرانی خەڵک هێشتا ناخۆشتردەبێت و دەبێت حکوومەت رێگاچارەیەک بدۆزێتەوە".
فرۆشیارێکی تر ئاماژەی بە زۆربوونی حاڵەتی دزیکردن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارە بۆ بژێوی ژیانی هاووڵاتییان دەکات.
فرۆشیار ئازاد محەمەد گوتی: "قەیرانی دارایی جگە لەوەی کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕ و بەڵام لە هەمانکاتدا کاردانەوەی خراپی هەیە و ئەم دۆخە هۆکارێکە بۆ زۆرەبوونی حاڵەتی دزیکردن و لەماوەی رابردوودا بۆخۆم دزیم لێ کراوە و دڵنیام ئەوەشی کە ئەم کارەی ئەنجام داوە رەنگە پێویستی پێی هەبێت و ناچار بووبێت".
ئەم بازاڕە پێش پەیدابوونی قەیرانی داراییش، رۆژانی هەینی بەهۆی پشووی کرێکاران و نەبوونی دەوامی فەرمی حکوومەت، هەمیشە جمەی دەهات بەڵام جیاواز لەم قەرەباڵغییەی ئێستا کە زۆربەی هاووڵاتییان بە دەستی خاڵی دەگەڕێنەوە ماڵەکانییان. کڕیارەکانیش پێیان وایە هەرچەندە نرخی کەلوپەلەکان کەم بووەتەوە بەڵام هێشتا لە ئاست گیرفانی هاووڵاتییاندا نییە و زۆربەی خەڵک تەنیا بۆ کات بەسەربردن سەردانی ئەم بازاڕە دەکەن.
کڕیار خەسرەو ساڵح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەرچەندە هاتنی هاووڵاتییان بۆ ئەم بازاڕە لە رۆژی هەینیدا بووەتە نەریتێک بەڵام ئێستا رۆژانی هەینی جیاوازە و لە پێشووتردا خەڵک کە دەهاتە ئەم بازاڕە نەیدەتوانی شتێک نەکڕێت و بە دەستی خاڵی نەدەگەڕایەوە ماڵەوە بەڵام لە ئێستادا بە هۆی قەیرانی دارایی ئەوە بەشێکی زۆر لە خەڵک تەنیا بۆ کات بەسەربردن سەردانی ئەم بازاڕە دەکەن و نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە قەیرانی دارایی کاریگەریی لەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگە هەیە و بە تەنیا چینی هەژاری نەگرتووەتەوە بەڵکو کاریگەری لەسەر چینی مامناوەندیش هەیە و ئەگەریش هەروا بەردەوام بێت ئەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا کاریگەری لەسەر چینی دەوڵەمەندیش دەبێت و هیوادارم کە ئەم دۆخە زوو کۆتایی پێ بیت".
جێی ئاماژەیە نزیکەی 2 ساڵە بەھۆی بڕینی بوودجە لە بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی توند بووەتەوە، نەبوونی بوودجە و بەردەوامی قەیرانی دارایی دۆخی ھەرێمی کوردستانی بەرو ناسەقامگیری ئابووری بردووەتەوە و ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانیش لە دواکۆبوونەوەی خۆیدا کە هاوکات پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشداربوون، باسیان لە چۆنیەتی میکانیزمی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە و بڕیاریشە لە ماوەی داھاتوودا دەست بە خێراکردنی ئەو پرۆسەیە بکات کە خۆی لە کۆکردنەوەی داھاتی گومرگەکان و دەسەڵاتدان بە پارێزگاکاندا دەبینێتەوە، تاوەکو داھاتەکانیان لە چوارچێوەی پلانێکدا دابەش بکەن.