Abdullah Shukur
02 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2017
کابول - AA
ھەزاران کەس لە شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستان خۆپیشاندانیان لە دژی حکوومەت ئەنجامدا.
ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر لە ناوچەی وەزیر ئەکبەر خانی شاری کابول کۆبوونەوە، ئەو ناوچەیەی کە دوو رۆژ پێش ئێستا ھێرشێکی تیرۆریستی بە ئۆتۆمبێڵێکی بۆمبرێژکراو تێدا ئەنجامدرابوو. خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشمی "بمرن ناپاکەکان" ، "ئەشرەف غانی و عەبدوڵا عەبدوڵا دەستلەکار بکێشنەوە"، "حکوومەتی شکستخواردوومان ناوێ" و "مەرگ بۆ ئەمریکا" ناڕەزایەتیان لە دژی حکوومەت نیشاندا.
پاشانیش خۆپیشاندەران بە ھەڵگرتنی ئاڵای ئەفغانستان بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی وڵات بەڕێکەوتن، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە رێگریان لێکرا.
ھاوکات لە دوای پێداگری خۆپیشاندەران لە رۆیشتن بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی، ھێزەکانی گاردی ئەو وڵاتە تەقەیان لەو خۆپیشاندەرانە کرد و لە ئەنجامی ئەمەش شەش کەس کوژران و ١٠ کەسیش لە خۆپیشاندەران برینداربوون.
خۆپیشاندان لە ناوچەی زانبانکی شاری کابول بەردەوامە.