Sangar Hamad Azeez
27 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2018
کابول - AA
لە ئاکامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە کابۆل پایتەختی ئەفغانستان، ٤٠ کەس کوژران و ١٤٠ دیکە برینداربوون.
بەرپرسانی ئەمنی ناوچەکە ڕایانگەیاند تەقینەوەکە لە نزیک باڵەخانەی پێشووی وەزارەتی ناوخۆ و نەخۆشخانەی کۆماری روویداوە.
وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان ڕایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا بوونەتە قوربانی گەیشتووەتە، ٤٠ کوژراو و ١٤٠ بریندار.
لەبارەی رووداوەکە، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان، نەسرەت ڕەحیمی ڕایگەیاند ئەنجامدەرانی ھێرشەکە بۆئەوەی دەستیان بگات بەو ناوچەیە، ئامبوڵانسێکیان بۆمبڕێژ کردووە.
لە ئاکامی ھێرشە تیرۆریستییەکەدا باڵەخانەکانی نزیک لە ڕووداوەکە زیانیان بەرکەوتووە.
هەروەها رووداوەکە نزیک بووە لە شوێنی مانەوەی ژمارەیەک نوێنەری وڵاتان. دوای ھێرشە تیرۆریستییەکە گشت ئەو ڕێگایانە داخران کە دەچنەوە ئەو ناوچەیە.
بەهۆی سەختی برینی بەشێک لە برینداران ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان هەیە.
بزووتنەوەی تالیبان بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشە تیرۆریستییەکە راگەیاند.