Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
02 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2017
نوێنەری رووسیالە ناتۆ، ئەلێکساندەر گروشکۆ، ئاماژەی بەوەکرد حکوومەتی وڵاتەکەی نیگەرانە لە بڵاوەپێکردنی سەربازیی ناتۆ لە وڵاتانی بەڵتیک و پۆڵەندا و رایگەیاند: "هەڵمەتەکانی ڕێکخراوی پەیمانی ئەتڵەسی باکوور لەرووی پلانی سەربازییەوە بێ وەڵام نامێنێتەوە".
ئەلێکساندەر گروشکۆ، لەدوای لووتکەی ناتۆ کە هەفتەی رابردوو لە برۆکسل بەڕێوەچوو، ژمارەیەک روونکردنەوەی دا.
گروشکۆ جەختی لەوەکردەوە پەیوەندییەکانی ناتۆ-رووسیا ''زۆر درەوشاوە'' نین و رایگەیاند: ''ئەگەر گۆڕانکاری لە هەڵویستی گشتیی ناتۆدا روونەدات، ئێمە پێمانوایە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان کارێکی قورسە''.
نوێنەری رووسیا لە ناتۆ، ئاماژەی بەوەکرد ناردنی سەرباز لەلایەن هاوپەیمانێتییەکەوە بۆ ناوچەی بەڵتیک بووەتە هۆی ئەوەی ''دۆخی ئاسایشی سەربازیی'' درووست ببێت و رووسیا لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا بیدەنگ نابێت و لەرێگەی بەکارهێنانی ئامێرە سەربازییەکانییەوە وەڵام دەداتەوە.
ئەلێکساندەر گروشکۆ باسی لەوەنەکرد کە رووسیا بەنیازە چ جۆرە هەنگاوێک بهاوێژێت و گوتی: ''هەڵمەتەکانی ڕێکخراوی پەیمانی ئەتڵەسی باکوور لە رووی پلانی سەربازییەوە بێ وەڵام نامێنێتەوە''.
گروشکۆ تیشکی خستە سەر ئەوەش کە لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە، گۆڕانکاریی لەسیاسەتی بەرگریی ئەمریکادا نەهاتووەتە ئاراوە و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو وڵاتە خەرجییەکانی بوودجەی بەرگریی لە ئەورووپا لەسەدا ٤٠ زیادکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد کە خواستی زیادکردنی خەرجییەکانی بوودجەی بەرگریی وڵاتانی ئەورووپا کارێکی بێ واتایە و لەئێستادا لە بوودجەی بەرگری رووسیا و چین پێکەوە زیاترە.
نوێنەری رووسیا لە ناتۆ دووپاتی کردەوە کاتێک رەهەندە ئاڵۆز و گۆڕاوەکانی هەرەشەی جیهانی لەبەرچاو دەگریت، هیچ کۆمەڵە وڵاتێک بە ناتۆشەو ناتوانێت" دوورگەیەکی ئاشتی" بنیات بنێت و گوتی"ئەگەر ئەورووپا بەراستی خوازیارە ئاسایشی خۆی زیاتر بپارێزێت، دەبێت لەوە تێبگات بەبێ رووسیا ئەمەی پێناکرێت".
دوای داگیرکارییەکەی ٢٠١٤ی رووسیا لە کریمیا و رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و هەڵوێستە هێرشبەرانەکەی ئەو وڵاتە، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە قۆڵی رۆژهەڵات، داوای دڵنیایی ئەمنی زیاتریان کردبوو.