Emre Gürkan Abay
13 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2022
مۆسکۆ – AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە جیهان بە پرۆسەیەکی گۆڕانکاری گرنگدا دەڕوات لە رووی سیاسەت و ئابووری جیهانییەوە، رایگەیاند: "لە راستیدا جیهان بووەتە فرەجەمسەری و ئاسیا کە بنکەی هێزی نوێی لێ پێش خراوە، لەمەدا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت".
ڤلادیمیر پوتین لە میانی بەشداریکردن لە شەشەمین لووتکەی کۆنفرانسی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ زیادکردنی متمانە و هەماهەنگی لە ئاسیا (CICA) لە ئاستانای پایتەختی کازاخستان، گوتارێکی پێشکەش کرد.
پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاسیا رۆڵی هەبووە لە گەشەی ئابووریی جیهانییدا، گوتی: "رووسیا لەمەدا رۆڵێکی چالاکانەی گێڕاوە. پشتیوانی لە هێنانەدی هەماهەنگی لە بواری وەربەرهێنان و بازرگانیدا دەکەین بەشێوەیەکی بەرفراوان بۆ ئەوەی ببێتە هۆی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیی زیاتر لە ئاسیا".
سەرۆکی رووسیا بە ئاماژەدان بەوەی کە لە سەرتاسەری جیهان نرخی کاڵا و شتومەک لە هەڵکشان و داکشاندایە، گوتی: "ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی کوالێتیی ژیان لە وڵاتانی پێشکەوتوو و ئەو وڵاتانەیش لە پێشکەوتندان. بە تایبەت هەڕەشە لەسەر هەژارترین وڵاتەکان هەیە و ئەگەری ئەوە هەیە دووچاری قاتوقڕی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی ببنەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان".
ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی هەوڵی داوە بەرهەمە گرنگەکان بگەیەنێت بەو وڵاتانەی پێویستییان پێیانە، گوتی: "داوا دەکەین بۆ ئەوەی کێشەکانی بەردەم دابینکردنی ئاسایشی خۆراک چارەسەر بکرێن بەربەستە دەستکرد و نایاساییەکان هەڵبگیرێن".
پوتین بە پێویستی دەزانێت سیستەمی ئابووریی جیهانیی بگۆڕێت و گوتی: "لەو باوەڕەداین پێویستە چاو بە بنەماکانی سیستەمی ئابووریی جیهانییدا بخشێندرێتەوە کە وەک زۆرێک لە هاوبەشانمان لە ئاسیا (کەسانێک) دەیان ساڵە بۆ ئەوەی لەسەر پشتی خەڵکی دیکە بژین، تەواوی شەپۆلەکانی تەکنەلۆجیا و سەرمایەیان کلۆم داوە".
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە جەختکردنەوە لەوەی کە لە ئاسیا بنکەی هێزی نوێ دروست بوون، گوتی: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە قۆناغێکدا بەڕێوەدەچێت کە گۆڕانکاری بەسەر سیاسەت و ئابووریی جیهانییدا روو دەدەن. لە راستیدا جیهان بووەتە فرەجەمسەری و ئاسیا کە بنکەی هێزی نوێی لێ پێش خراوە، لەمەدا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت".