Zana Natık Kerem
13 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2022
ھەولێر ــ AA
ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شوان محەمەد رایگەیاند کە کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کشاندووەتەوە و بۆ پۆستی سەرکۆمار دەنگ بە عەبدولەتیف رەشید دەدەین.
شوان محەمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەداوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرکۆمار خۆی یەکلایی کردووەتەوە و دەنگ عەبدولەتیف رەشید دەدەن.
گوتیشی: "لە پێناو یەکریزیی نیشتمانیی و چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی لە عێراق، کاندیدی خۆمان بۆ پۆستی سەرکۆمار کشاندووەتەوە و دەنگ بە عەبدولەتیف رەشید دەدەین".
شوان محەمەد لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیرانەوە گوتی: "تا ئێستا کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی-یە و لەچوارچێوەی رێککەوتنامەی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا، دەنگ بە ناوبراو دەدەین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران".
ئەمەیش لە کاتێکدایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایانگەیاندووە کە ھەر سوورە لەسەر کاندیدکردنی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرکۆمار.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆمار ئەنجام بدات.