Hakan Çopur
16 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ''پێویستە کۆریای باکوور لە چەکی ناوەکی دابماڵین. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەم یەکخستنی جیهان بوو دژ بە خراپەکارییەکانی کۆریای باکوور''.
دۆناڵد ترەمپ دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکەی بۆ ئاسیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە کۆشکی سپی سازیی کرد، رایگەیاند ''لەبەرامبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکووردا سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە، بە چینیشەوە، لەسەر هێڵێکی هاوبەشن''.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ باسی لە سەردانەکەی بۆ هەریەک لە ژاپۆن، کۆریای باشوور، چین، ڤیێتنام و فلیپین کرد و گوتی: ''پێویستە کۆریای باکوور لە چەکی ناوەکی دابماڵین. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەم یەکخستنی جیهان بوو دژ بە خراپەکارییەکانی کۆریای باکوور''.
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستەسەر ئەوەی لەوبارەیەوە لەگەڵ هاوتا چینییەکەیدا، شی جینپینگ لەسەر هەمان هێڵ یەکیان گرتووەتەوە و خۆشحاڵی خۆیشی لەوبارەیەوە دەربڕی.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەشکرد هاوکات کۆبوونەوەی لە پێناو ''پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی ئەمریکا لە ئاسیا'' و ''واژووکردنی رێککەوتننامەی بازرگانی دادپەروەرانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە'' ئەنجامداوە و لەو چوارچێوەیەشدا رێککەوتننامەی نوێی بە بڕی ملیارەها دۆلار واژووکردووە.