سياسەت, جيهان

ڤلادیمیر پوتین: "سەردەمی سیستمی جیهانی تاک جەمسەریی بەسەرچووە"

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین: "کەمکردنەوەی گرژیی لە جیهاندا، چارەسەرکردنی هەڕەشە و مەترسیی لە بواری سەربازیی و سیاسییدا تەنها بە بەهێزکردنی سیستمی جیهانی فرەجەمسەریی دەکرێت. سەردەمی سیستمی جیهانی تاک جەمسەریی بەسەرچووە".

Ali Cura  | 16.08.2022 - نوێکردنەوە : 17.08.2022
ڤلادیمیر پوتین: "سەردەمی سیستمی جیهانی تاک جەمسەریی بەسەرچووە"

Moskova

مۆسکۆ - AA

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند کە کەمکردنەوەی گرژیی لە جیهاندا، چارەسەرکردنی هەڕەشە و مەترسیی لە بواری سەربازیی و سیاسییدا تەنها بە بەهێزکردنی سیستمی جیهانی فرەجەمسەریی دەکرێت و رایگەیاند "سەردەمی سیستمی جیهانی تاک جەمسەریی بەسەرچووە".

ڤلادیمیر پوتین لە گوتارێکیدا کە لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە لە میانی کردنەوەی ١٠مین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی مۆسکۆ پێشکەشی کرد، باسی لەوە کرد کە دۆخی جیهان لە رووی داینامیکییەوە گۆڕاوە و هێڵە سەرەکییەکانی سیستمێکی جیهانی فرەجەمسەریی دروست بووە.

سەرۆکی رووسیا باسی لەوە کرد کە تا دێت وڵات و گەلانی زیاتر بە پشت بەستن بە نەریت و بەهاکان رێگای گەشەپێدانی ئازادی و سەروەری هەڵدەبژێرن.

پوتین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەستەبژێرە جیهانگەرا خۆرئاواییەکان بە هاندانی پشێوی و دروستکردنی پێکدادانی نوێ و سیاسەتی خۆگرتن، رێگاکانی گەشەپێدانی جێگرەوە و سەروەریان شێواندووە و رایگەیاند ''بەو شێوەیە بە هەموو هێزیانەوە هەوڵ دەدەن ئەو دەسەڵاتە بپارێزن کە لە دەستیان دەرچووە و وڵاتان و گەلەکانیان لە چنگی سیستمی نیۆ-کۆلۆنیالدا بهێڵنەوە''.

سەرۆکی رووسیا باسی لەوە کرد کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا دەستوەردانیان کردووە لە کاروباری دەوڵەتانی خاوەن سەروەریدا و ئیستفزازکردن، کودەتا و جەنگی ناوخۆییان دروست کردووە و بە هەڕەشە رەشبگیری و گوشارکردن زۆریان لە دەوڵەتانی خاوەن سەروەری کردووە مل بۆ ئیرادەیان کەچ بکەن و بە یاسا بیانییەکان ژیان بەسەر بەرن.

ڤلادیمیر پوتین ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمریکا هەموو ئەو کارانەی کردووە تا هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا بسەپەنێت.

سەرۆکی رووسیا باسی لەوە کرد کە ئەمریکا هەوڵی درێژەکێشانی پێکدادانەکانی ئۆکراینا دەدات و رایگەیاند ''لە ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بە هەمان شێوە مامەڵە دەکەن و هانی پێکدادان دەدەن. جارێکی دیکە ئەمریکا بە ئەنقەست هەوڵی دا بەنزین بە ئاگردا بکات و رەوشی ناوچەی ئاسیا-زەریای هێمن تێکبدات. سەرکێشی ئەمریکا لە تایوان، تەنیا مەبەست گەشتی سیاسەتمەدارێکی نابەرپرس نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا مەبەستێکە بۆ نانەوەی ناسەقامگیری و پشێوی لە ناوچەکە و جیهاندا، هەروەها بەشێکە لە ستراتیجییەتی ئەمریکا، نمایشێکی لووتبەرزانەی بێڕێزیکردنە بە سەروەری وڵاتانی دیکە و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان. ئێمە وەک ئیستفزازێکی پلان بۆ داڕێژراوی ورد دەیبینین''.

پوتین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەستبژێرە جیهانگەرا خۆرئاواییەکان سەرنجی هاووڵاتییانی خۆیان راکێشاوە بۆ ئێرە لەبەرئەوەی شکستەکانیان لە بابەتەکانی وەک کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، دابەزینی ئاستی ژیان، بێکاری و هەژاری بخەنە ئەستۆی رووسیا و چین.

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین هەروەها باسی لەوە کرد کە خۆرئاوا هەوڵی فراوانبوونی سیستمێکی هاوشێوەی ناتۆ دەدات بۆ ناوچەی ئاسیا-زەریای هێمن و گوتی: ''کەمکردنەوەی گرژیی لە جیهاندا، چارەسەرکردنی هەڕەشە و مەترسیی لە بواری سەربازیی و سیاسییدا تەنها بە بەهێزکردنی سیستمی جیهانی فرەجەمسەریی دەکرێت. سەردەمی سیستمی جیهانی تاک جەمسەریی بەسەرچووە''.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın