Davit Kachkachishvili
19 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2023
خارکێڤ - AA
دانیشتوانی شاری خارکیڤ و دەوروبەری لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە یەکێکە لەو ناوچانەی وڵاتەکە زۆرترین کاریگەری جەنگی رووسیا-ئۆکراینای لەسەرە و ساڵی رابردوو زۆرترین پێکدادانەکانی تێدا روویدا، لە ناو وێرانەی جەنگدا بەردەوامی بە ژیان دەدەن.
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ماوەی ١٥ مانگە لە ناوچە جیاوازەکانی ئۆکراینا درێژەی هەیە.
لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەی دۆنێتسکی چڕبوونەتەوە، هاوکات لە ناوچەکانی خارکێڤ، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا بەردەوامە.
دانیشتوانی ناوچەی خارکێڤ کە ساڵی رابردوو سوپای ئۆکراینا لە دەست رووسیا وەرگرتەوە، هەوڵ دەدەن سەرلەنوێ بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی.
ناوچەی سالتیڤکا کە یەکێک لە ناوچە قەرەباڵغەکانی خارکێڤ، بەهۆی جەنگەوە زۆربەی بینباکانی رووخاون و رەنگدانەوەی وێرانکاری جەنگی پێوە دیارە.
لەو ناوچەیەدا کە شەڕ و پێکدادانی چری نێوان سوپاکانی ئۆکراینا و رووسیا روویداوە، ژمارەیەکی زۆر یەکەی نیشتەجێبوون هەیە کە رووخاو، سووتاون و زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
بەهۆی ئەو کاولکاریەی روویداوە، تا ئێستا ژیان لەو ناوچەیە ئاسایی نەبووەتەوە.
جگە لەو خەڵکەی هیچ شوێنێکیان نییە بۆی بچن یان دەوێرن هێشتا بمێننەوە، کەسی مەدەنی لەو ناوچەیەدا نەماوەتەوە.
لە کاتێکدا بێدەنگی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، بینا رووخاو و سووتاوەکانی ناوچەکە وەک باخچەی ساوایان، قوتابخانە، کتێبخانە و شوێنەکانی یاری پارکەکان بوونەتە جێی سەرنج.
ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی شوێنەکانی نیشتەجێبوونیان نۆژەن دەکەنەوە بۆ ئەوەی تیایدا بژین.
هەروەها تیمەکان لە رێگەی ئامێری کارکردنەوە بەردەوامن لە هەڵمەتی گەڕان و رزگارکردن لەو بینا بەرزانەی بەهۆی بۆردومانەکانەوە رووخاون.
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیش هەم تەماشای کارەکانی پاککردنەوەی ئاسەوارەکانی جەنگ دەکەن، هەمیش لەبەردەم بینا رووخاوەکاندا وێنە دەگرن.
تیمەکانی شارەوانی حکوومەتی خۆجێییش، داوا لە هەووڵاتیان دەکەن بچنەوە نێو ماڵەکانیان.
هەندێک لە بیناکانی ناوچەی سالتیڤکا کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە، مەترسی رووخانیان لەسەرە، لەبەرئەوە بەرپرسانی ناوچەکە رێگە نادەن کەس تیایاندا بژی.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو، دوای ئەوەی مۆڵەتی تایبەتی لە سوپای ئۆکراینا وەرگرت، لە رێگەی درۆنەوە دواین دۆخی ناوچەی سالتیڤکای وێنە گرت کە ئاسەوارێکی زۆری جەنگی پێوەیە.
لە دیمەنەکاندا بە روونی شوێنەواری کاولکاری بە ناوچەکەدا دیارە، کە هێزەکانی رووسیا و ئۆکراینا هەوڵێکی زۆریاندا کۆنترۆڵی بکەن.
خانووە رووخاوەکان بەهۆی بۆردومانەکانەوە و چۆڵی شەقامەکان، نیشاندەری توندی شەڕ و پێکدادانەکانن لەو ناوچەیەدا.
بینینی خانووە رووخاوەکان لە نێو ئەو درەختانەی لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار سەوزبوون، دیمەنێکی ناخۆش و ترسناک دێنێتە بەرچاو.
لەلایەکی دیکەوە، لە شاری ئیزوم کە سوپای ئۆکراینا لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا دووبارە کۆنترۆڵی کردەوە، خەڵکی لە هەلومەرجێکی سەختدا درێژە بە ژیانیان دەدەن.