Zeynep Beyza Kılıç,Sibel Morrow
19 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2023
کازان - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، رایگەیاند کە رووسیا بەدوای هاوبەشی نوێدا دەگەڕێت بۆ بەرەوپێشبردنی هاوکاریی کشتوکاڵی و پیشەسازی و دروستکردنی زنجیرەی لۆجستیکی نوێ و جەختی لەوە کردەوە کە موسڵمانانی رووسیا رۆڵی گرنگ دەبینن لە فراوانکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەی.
لە چوارچێوەی "كۆڕبهندی رووسیا-جیهانی ئیسلامی-كازان ٢٠٢٣" کە ئاژانسی ئانادۆڵو هاوبەشی پەیوەندییەکانییەتی، کۆبوونەوەیەک لە ژێر ناونیشانی "رووسیا- جیهانی ئیسلامی: بەها مەعنەوی و ئەخلاقییەکان وەک بنەمای هاوکاریی نێوان ئایینەکان" رێکخرا.
"گرووپی دیدگای ستراتیجی رووسیا و جیهانی ئیسلامی" کە لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ پەرەپێدانی زیاتری هاوکارییەکانی نێوان رووسیا و وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی دامەزرا، لە کازان کۆماری تاتارستان سەر بە فیدراسیۆنی رووسیا، کۆبووەوە.
سەرۆکی رووسیا، پوتین لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتانی ئیسلامی لە کەرتەکانی بازرگانی و داراییدا گەشەیان سەندووە و رایگەیاند: "رووسیا بۆ فراوانترکردنی هاوکارییەکانی لە بوارەکانی بازرگانی و مرۆییدا دەرگای واڵایە بەڕووی وڵاتانی ئیسلامی. بەدوای هاوبەشی نوێدا دەگەڕێین بۆ بەرەوپێشبردنی هاوکاریی کشتوکاڵی و پیشەسازی و دروستکردنی زنجیرەی لۆجستیکی نوێ. موسڵمانانی رووسیا رۆڵی گرنگ دەبینن لە فراوانکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەمان. دڵنیام کە چالاکییەکانی گرووپی دیدگای ستراتیجیی رووسیا-جیهانی ئیسلامی و کۆڕبەندی کازان ٢٠٢٣ کارلێکی نێوان رووسیا و وڵاتانی ئیسلامی بەهێزتر دەکەن".
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە رایانگەیاند، کۆبوونەوەی گرووپی دیدگای ستراتیجیی ئامانجی ئەوەیە ببێتە هۆی قووڵکردنەوەی گفتوگۆی نێوان سەرکردە سیاسی و ئایینیەکانی رووسیا و وڵاتانی جیهانی ئیسلامی.
جگە لە کەسایەتییە ئایینییەکان، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، مارات حوسنوللین و سەرۆکی کۆماری تاتارستان، رۆستەم میننیخانۆڤ-یش ئامادەیی کۆبوونەوەکە بوون.