Ahmet Furkan Mercan
01 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2021
تۆکیۆ- AA
ژاپۆن، بڕیاریدا رێککەوتننامەی دابەشکردنی دارایی کە میوانداریکردنی ٥٥ هەزار سەربازی ئەمریکی لەخۆدەگرێت، بۆ ماوەی ساڵێکی دیکەش درێژ بکاتەوە.
ئەنجوومەنی راوێژکاری ژاپۆن، رەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکە دەربڕی کە لە ئاداری ٢٠٢١دا کۆتایی هاتبوو.
لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکەدا دابینکردنی یەک ملیار و ٨٣٠ ملیۆن دۆلار لە خەرجی مانەوەی سەربازە ئەمریکییەکان دەکەوێتە ئەستۆی ژاپۆن.
لە بارودۆخی ئاساییدا ئەمریکا و ژاپۆن، پێنج ساڵ جارێک رێککەوتننامەکە نوێ دەکەنەوە، لەم چوارچێوەیەشدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا دانوستان لەسەر دیاریکردنی قۆناغێکی نوێی رێککەوتننامەکە دەستپێدەکات.
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن، مۆتێجی تۆشیمیتسو و نوێنەری ئەمریکا لە ژاپۆن، جۆزێف یۆنگ لە ٢٤ی شوباتدا واژوویان لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکە کرد و لە ٢٣ی ئاداریشدا، رێککەوتننامەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ژاپۆن پەسەند کرا.
لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵاتدا، ژاپۆن لە ساڵی ١٩٧٨وە تا ئێستا خەرجی مانەوە و مەشق و راهێنانی ئەو سەربازە ئەمریکییانە لەخۆ دەگرێت کە لە وڵاتەکەیدا دەمێننەوە.