Nuri Aydın
15 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2021
پەکین - AA
بەهۆی ئەو گەردەلوولە بەهێزەی ناوچەکانی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی چین-ی گرتووەتەوە، ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و، ٣٦٧ کەسیش برینداربوون.
بەرپرسانی ناوچەکە، باسیان لەوە کرد کە دوێنێ کاتژمێر ١٩:٠٠ بەکاتی ناوخۆ، گەردەلوول ناوچەی شینگزی سەربە ویلایەتی جیانگسو و، کاتژمێر ٢٠:٤٠ وهان-ی پایتەختی ویلایەتی هۆبی گرتووەتەوە.
بەهۆی ئەو گەردەلوولەوە کە خێراییەکەی ٨٦ کیلۆمەتر بووە لە کاتژمێرێکدا، لە وهان شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و، ٢١٨ کەسی دیکەش برینداربوون.
لە کاتێکدا تۆڕی کارەبای وهان بەهۆی گەردەلوولەکەوە زیانی بەرکەوتووە، ناتوانرێت خزمەتگوزاری کارەبا بدرێت بە نزیکەی ٢٦ هەزار و ٦٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە بەهۆی گەردەلوولەکەوە چوار کەس لە شینگزی گیانیان لەدەستداوە و، ١٤٩ کەسیش برینداربوون. ژمارەیەکی زۆر کارگە زیانیان بەرکەوتووە و، پچڕانێکی زۆری کارەباش روویداوە.
لەو دوو ناوچەیەی گەردەلوولەکە کاریگەری کردووەتە سەریان، تیمەکانی دۆخی لەناکا و گەڕان و رزگارکردن دەستیان بە هەڵمەتی لابردنی داروپەردوی رووخاو، کردنەوەی رێگاکان و گەیاندنی هاوکاری بەپەلە کردووە.