Emre Aytekin
31 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2021
ئەنقەرە - AA
سیاسەتی دانیشتوان لە چین، بەشێوەیەک گۆڕانکاری تیادا دەکرێت کە خێزانەکان بتوانن ببن بە خاوەنی سێ منداڵ.
ئاژانسی هەواڵیی شینخوا بڵاویکردەوە، نووسینگەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنستی چینی دەسەڵاتدار، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی چین، شی جین پینگ کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە و تیایدا بڕیار دراوە هاوکاری پێشکەشی ئەو خێزانانە بکرێت کە دەیانەوێت منداڵی سێیەمیان ببێت.
پێشتر لە ساڵی ١٩٨٠دا، حکوومەتی چین تەنها مافی بوون بە خاوەنی یەک منداڵی دابووە خێزانەکانی وڵاتەکەی، بەمهۆیەوە لە پاڵ گەشەی ئابووری و شارستانی لە چین، چڕی دانیشتوان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردبوو، بە تێپەڕبوونی کات ئەم گۆڕانە لە چڕی دانیشتوان کێشەی زۆربوونی کەسانی بەساڵاچوو و کەمی هێزی کاری دروست کرد.
هەربۆیە لە ساڵی ٢٠١٦دا، ئەم یاسایە هەموار کرایەوە و رێگە بە خێزانەکان درا ببن بە خاوەنی دوو منداڵ.
- لە ماوەی ١٠ ساڵدا چڕی دانیشتوان بەڕێژەی لە هەزاردا ٥،٣ زیادی کردووە.
حکوومەتی پەکین لە ١١ی ئایاردا، ئاماری ١٠ ساڵی رابردووی گەشەی دانیشتوانی خستەڕوو.
بەگوێرەی ئامارەکان ژمارەی دانیشتوان لە ساڵی ٢٠١٠دا، یەک ملیار و ٣٣٩ ملیۆن و ٧٢٤ هەزار و ٨٥٢ کەس بووە، بەڵام لە کۆتایی ٢٠٢٠دا، ژمارەکە گەیشتوەتە یەک ملیار و ٤١١ ملیۆن و ٧٧٨ هەزار و ٧٢٤ کەس.
بەم شێوەیە لە ماوەی ١٠ ساڵدا، ژمارەی دانیشتوان ٧٢ ملیۆن زیادی کردووە و ئەمەش دەگاتە رێژەی ساڵانەی لە هەزاردا ٥،٣.
هەروەها رێژەی لە دایکبوون لە ٢٠٢٠ بەراورد بەڕێژەی لە دایکبوون لە ٢٠١٩ بە رێژەی لەسەدا ١٨ کەمی کردووە.