Dlshad Saifaalddin Ahmed
14 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2019
سلێمانی ـ AA
لە یەکێک لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی شارۆچکەی پیرەمەگرون (بە دووری ٣٥ کلم لە رۆژئاوای سلێمانی) لە پۆلی یەکەم منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت ھەیە کە جیاواز لە منداڵەکانی تر رۆژانە وانە و کاروبارەکانی تر لە قوتابخانەکەیدا ئەنجام دەدات و لە بری دەستەکانی پشت بەقاچەکانی دەبەستێت.
کۆشیار سەلام مەحمود منداڵێکی کوڕی تەمەن شەش ساڵانە و ھەردوو دەستی لە بندا نییە، ئەو رۆژانە لەگەڵ دایکی دەچێتە قوتابخانە و وانەکانی دەخوێنێت، دایکی کۆشیار بۆ پاراستنی کوڕەکەی لە کەوتن و ھاوکاریکردنی لە کاروبارەکانی قوتابخانەکەیدا بەردەوام لەگەڵیەتی و بە درێژایی کاتی دەوام لە قوتابخانە و لە پۆلەکەدا لەگەڵ دەمێنێتەوە.

نەرمین عەلی تەمەن ٤٨ ساڵان دایکی کۆشیارە و لە منداڵییەوە تا ئێستا بە وردی چاودێری ژیان و جوڵەی کوڕەکەی دەکات، ئەو لە بارەی کوڕەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆشیار بە زگماگی بەو شێوەیە لەدایکبوو کە ھەردوو دەستی لە بندا نەبوو لە سەرەتاوە بەوردی چاودێریمان کردووە و ئاگاداری دەبین تاوەکو بیپارێزین لە کەوتن و نەخۆشی، ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە شەش ساڵ و لە قۆناغی یەکی بنەڕەتییە".

دایکی کۆشیار گوتی: "کۆشیار بە ھۆی ئەوەی ھەردوو دەستی نییە ھەموو کارەکانی بەقاچ ئەنجام دەدات، تەنانەت لە ماڵەوە یاریکردن و مۆبایل و ئایپاد و نان خواردن و ئاو و چا خواردنەوەش بە قاچەکانی دەکات. لە قوتابخانەش بەھەمان شێوە وانەکان و نووسینەوەی سەر کتێب و دەفتەر و تەختەش بە قاچ دەکات".
نەرمین ئاماژە بەوە دەکات، کۆشیار لێھاتوویی و توانایەکی باشی جەستەیی و مێشکی ھەیە و لە قوتابخانەش وانەکان بەباشی دەخوێنێتەوە و لە تاقیکردنەوەکانی نیوەی ئەمساڵی خوێندندا نمرەی بەرزی بەدەستھێناوە، بەڵام بە ھۆی ئەوەی ھەموو کارەکان بە قاچ دەکات زۆرجار ماندوو دەبێت و ھاواری ئازاری قاچ و پشت و ملی دەکات و توانای قاچەکانی کەم دەبێتەوە.
ئەو دەڵێت "ژیانی من بووەتە خزمەتکردن و چاودێریکردنی کۆشیار، زۆرجار ھانی دەدەم بۆ ئەوەی کاروبارەکانی بۆ خۆی ئەنجامیان بدات و فێری کار و وانەکانی قوتابخانەی دەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام ھاوکاری دەکەم و رۆژانەش بۆ قوتابخانە لەگەڵی دەرۆم و لەناو قوتابخانە و پۆلەکەش لەگەڵی دەمێنمەوە تا ئەو کاتەی دەوام بە کۆتا دێت".
دایکی کۆشیار باس لەوەش دەکات، چەندین جار سەردانی پزیشکیان کردووە، تەنانەت لە ئەڵمانیاش ھەواڵی چارەسەرکردنی کۆشیار و دروستکردنی دەستی دەستکردیان پرسیوە، بەڵام پزیشکەکان پێیان راگەیاندون ئەنجامدانی ئەو کارە خەرجییەکی زۆری دەوێت و پێویستە حکوومەت ئەو کارە بگرێتە ئەستۆ.
لە قوتابخانەدا مامۆستایان و قوتابیان ھاوکاری زۆری کۆشیار دەکەن و بە قوتابییەکی سەرکەوتوو وەسفی دەکەن.

بەڕێوەبەری قوتابخانەی شەھید کوردەی بنەڕەتی لە پیرەمەگرون، ئەحمەد عەبدولرەحمان لەو بارەیەوە گوتی:"کۆشیار قوتابییەکی خاوەن پێداویستی تایبەتە و ئەو دۆخەی ھەیەتی نەبووەتە رێگر لە بەردەم خەون و ھیواکانی، رۆژانەش وەک ھەر قوتابییەکی تر بە ئاسایی کاروبارەکانی خۆی ئەنجام دەدات و توانا و لێھاتوویەکی باشی ھەیە لە وانەکاندا".
ئەو باسی لەوەش کرد کە لە سەرەتاوە وەک ئیدارە و مامۆستایانی قوتابخانە ھاوکاری زۆری ئەویان کردووە، بەڵام رۆژ بە رۆژ کۆشیار ھەوڵ دەدات پشت بە خۆی ببەستێت و ئەو یارمەتییانە کەم بکاتەوە کە لە لایەن ئیدارە و مامۆستایان و دایکی دەکرێت.