İsmail Çimen
18 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2018
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە دانیشتنێکدا سەبارەت بە بوودجەی وەزارەتی دەرەوە لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکەشکرد و لەبارەی بابەتەکانی رۆژەڤەوە روونکردنەوەی دا.
مەولود چاوشئۆغڵو جەختی لەوەکردەوە کە ماوەیەکی دوور و درێژە ئاگرێک لە پاڵ تورکیادا بوونی هەیە و بەپێویستی زانی لە پێناو وەستاندنی شەڕی ناوخۆی سووریادا، دەرفەتی پڕۆسەی چارەسەری سیاسیی کە لەبەردەمیاندایە، بە باشی هەڵبسەنگێنن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەشکردەوە کە لە رێگەی رێککەوتنی ئیدلب-ەوە رێگەیان لە روودانی کارەساتێک گرتووە و گوتی: "بەڵام رەنگە دوایین پەنجەرەی دەرفەتی چارەسەری سیاسییمان لە سووریا کردبێتەوە، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە بکەین. دوای ئەوەی کە ئەمشەو کۆبوونەوەکانمان تەواوبوو، سەرلەبەیانی ئینشائەڵڵا بەرەو جنێڤ بەڕێدەکەوین، وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئێرانیش دێن، ئینشائەڵڵا سبەی پێکەوە بڕیار لەسەر دامەزراندنی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا دەدەین، هاوشانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامین لە دانوستانەکان. دەبێتە رۆژێکی مێژوویی و هەروەها هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە پێناو چارەسەری سیاسیی لە سووریا. پێویست دەکات لە سووریا درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بدەین چونکە هێشتا یەپەگە، پەکەکە، داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە لە گۆڕەپانەکەدان و ئەمانە هەڕەشەن بۆسەر ئێمە. هەربۆیەش لەناوبردنی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییانە لە دەرەوەی سنوورەکانمان، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە".