چالاکوانێکی ئازادکراوی ناو کەشیگەلی سومود: "لەناو گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا ڕووبەڕووی چەندین ئەشکەنجە بووینەوە"
چالاکوانی تورکیا ناو کاروانی کەشیگەلی جیھانی سومود، زەین عابدین ئۆزکان ڕایگەیاند: "دەزانین فەڵەستینییەکان لە غەززە لە ئێمە زیاتر زیانیان بەرکەوتووە".

Istanbul
ئیستانبوڵ ــ AA
چالاکوانی تورکیا ناو کاروانی کەشیگەلی جیھانی سومود، زەین عابدین ئۆزکان ڕایگەیاند کە دوای ئەوەی لەناو کەشیگەلی جیھانی سومود لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکران، لەناو گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا ڕووبەڕووی چەندین ئەشکەنجە بوونەوە.
زەین عابدین ئۆزکان دوای ئازادکردنیان و گەڕانەوەیان بۆ تورکیا لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و ڕایگەیاند کە دەستدڕێژییە سەربازییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەشیگەلی جیھانی سومود لە کەناراوەکانی غەززە، ھێرشێکی تیرۆریستی بوو.
گوتیشی: "دوای ئەوەی دەستبەسەرکراین، بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بە زۆرەملێ لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی کراین و بە چەندین جۆر ئەشکەنجەدراین".
ڕاشیگەیاند: "دەزانین فەڵەستینییەکان لە غەززە لە ئێمە زیاتر زیانیان بەرکەوتووە".
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە ئەو گەمارۆییە بشکێندرێت کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەسەر کەرتی غەززەدا سەپێندراوە.
ھەر لەوباریەوە چالاکوانی تورکیا ناو کاروانی کەشیگەلی جیھانی سومود، سوھەیب ئۆردۆ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە ئیسرائیل چالاکوانانی ناو کاروانی کەشیگەلی جیھانی سومود بە "تیرۆریست" وەسف کردووە، لەکاتێکدا ئیسرائیل خۆی لەبیری چوو کە خۆیان تیرۆریستان و بکوژی منداڵانن.