پەیوەندی تەلەفۆنی سەرکۆمار ئەردۆغان و سەرۆکی ڕووسیا پوتین
لە پەیوەندیيە تەلەفۆنییەکەدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە هەرێمییەکان تاوتوێ کران.

Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین ئەنجام دا.
بەپێی ڕاگەیاندراوی سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە پەیوەندیيە تەلەفۆنییەکەدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە هەرێمییەکان تاوتوێ کراون.
لە پەیوەندیيە تەلەفۆنییەکەدا سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بازنە توندوتیژییەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، ئاسایشی هەموو ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە و، هەڵوێستی نایاسایی حکوومەتەکەی ناتانیاهو هەڕەشەیەکی ڕوونە بۆ سەر سیستمی نێودەوڵەتیی و ناوچەکە بەرگەی جەنگ ناگرێت.
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا لە یەکەم ڕۆژەوە گرنگی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکان داوە و، تاکە ڕێگای چارەسەری کێشەکان لەگەڵ ئێراندا دیپلۆماسییە و بەپێویستی زانی هەرچی زووە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە نابێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرنجەکان لەسەر ئەو جینۆسایدەی لە غەززە دەگوزەرێت دووربخاتەوە و، جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە کە ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل هەوڵی سەپاندنی واقیعێکی نوێ لە ناوچەکەدا بدات.
لای خۆیەوە سەرۆکی ڕووسیا پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان هاوڕایە لەسەر پێویستی هەرچی زوو ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دیپلۆماسی.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن