Adam Abu-bashal
27 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2022
ئەبوجا - AA
رێکخراوی تیرۆریستیی بۆکۆ حەرام، پەلامارێکی بۆسەر گوندێکی باکووری رۆژهەڵاتی نێجیریا ئەنجامدا و لە ئاکامدا، ۱۷ کەس کوژران.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنە ناوخۆییەکانی نێجیریادا بڵاوبوونەتەوە، چەکدارانی بۆکۆ حەرام هێرشیان کردووەتە سەر گوندی ئایرامن لە ویلایەتی بۆرنۆ.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە پەلامارەکەدا، ۱۷ کەس کوژراون کە بە کاری شوانکارییەوە سەرقاڵ بوون و تیرۆریستان سەرجەم مەڕوماڵاتی شوانەکانیان دزیوە.
رێکخراوی تیرۆریستیی بۆکۆ حەرام لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا لە نێجیریا سەریهەڵدا و بەهۆی پەلامارە تیرۆریستییەکانی رێکخراوەکەشەوە لە ساڵی ٢٠٠٩وە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس کوژراون.
لە ساڵی ٢٠١٥ەوە پەلامارە تیرۆریستییەکانی بۆکۆ حەرام، سنوورەکانی نێجیریای تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە وڵاتانی کامیرون، چاد و نێجەری دراوسێی نێجیریا، دیارترین پەلاماریش بۆسەر ناوچەکانی دەوری دەریاچەی چاد ئەنجامدرا کە تیایدا زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژران.
بەهۆی پەلامارە تیرۆریستییەکانیشەوە، سەدان هاووڵاتی نێجیریا ناچار بە بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان بوون.