ههولێر - AA
ئەمڕۆ شەممە بە بەشداریی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و، بە بەشداریی ١٠ گەنجی خاوەن بیرۆکەی نوێ، پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تێدێکس نیشتمان لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری ھەولێر دەستی پێکرد.
لە رێورەسمی دەستپێکی کردنەوەی کۆنفڕانسەکەدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و تیاییدا رایگەیاند کە، دەمانەوێت پەیوەندییەکانی باشتر لە نێوان حکوومەت و گەنجان دروست بکەین و جەختیشی لەوە کردەوە کە، ئابوورییەکیان دەوێت کەمتر پشت بە دامەزراندن ببەستێت.
لە کۆنفڕانسەکەدا، سەرۆکوەزانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گوتی: ''ئەمڕۆ ھاتووم بۆ ئەوەی ھەم پشتیوانیی خۆم و ھەم پشتیوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانتان پێ رابگەیەنم. ھەروەھا پشتیوانیی خۆم بۆ ھەموو گەنجانی وەڵاتەکەمان لە زاخۆ تا خانەقین پێتان رابگەیەنم. پەرۆشی و گەشبینیی ئێوە بۆ وڵات بەرز بنرخێنم''.
مەسرور بارزانی راشیگەیاند کە، دەزانم ھەمووتان خەریکی کاری ئەوەن ھەوڵی ئەوە بدەن کوردستانمان بە ئاراستەیەکی باشتر و بەھێزتر ھەنگاو بنێت. بۆ ئەوەش دەتوانین بە یەکەوە ئەوەی پێمان بکرێت ھاوکاری یەکتر بکەین، دڵنیام دەتوانین بە ھێز و توانا و بەھرە و بیرۆکەکانی ئێوە ئەم ئاواتەمان بێتە دی.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە درێژەی گوتارەکەیدا راشیگەیاند: ''لەم ماوەیەدا چەندین دیدار و بینینم ھەبووە لەگەڵ ئەو گەنجە بەڕێزانەی لە چەندین بۆنەدا سەردانیان کردووم و لە نزیکەوە گوێبیستیان بووین و گرفتەکانیشمان بیستوون. جێی خۆشحاڵی بوو بۆم کە بینیم زۆر لەو گەنجانە توانیویانە بە ھەوڵی خۆیان لەسەر پێی خۆیان بوەستن. چ ئەو خوشکە بەڕێزە ئێزدییەی توانیویەتی لەدەست تیرۆر ڕزگاری ببێت و خۆی توانیویەتی شوێنێکی شیرنەمەنی دروست بکات و خۆی و خێزانی و چەند کەسیتریش بەخێو بکات، ھەم ئەو کەسەی لە ھەولێر شوێنی بەرگ دروستکردن و چەندین گەنجی دیکە کە توانیویانە بزنس و بازرگانیی بچووک بۆ خۆیان دروست بکەن کە داھاتیان جگە لە خۆیان چەندین خەڵکیتریشیان بەکار خستووە''.
لە کۆنفڕانسکەی تێدێکس نیشتمان دا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو کە، ئەوانەی بازرگانیی بچووکیان کردووەتەوە و خەڵکی خۆجێییان بەکار خستووە کە بە عەقڵیەتی نوێ و لەسەر بنەمای پشت بەخۆ بەستن و داھێنان ئەمەیان کردووە. ئەمڕۆ لێرەم تا سەرەتایەکی نوێ لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەوان دەست پێبکەین، دەزانم ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەمتاندان سەختن و ھەندێکیان چەندین نەوەیە لە ئارادان. لە ھەمان کاتدا دەزانم بە ئاسانی دەستکەوتەکانی ئێستا بە ئاسانی نەھاتوونەتە دی.
مهسرور بارزانی گوتیشی: ''ئێوە بەختەوەرن کە زۆربەتان ئەو سەختیانەتان نەدیووە، کە دایک و باوک و باپیرانتان، لە سەدەی رابردوودا بینیوویانە و رووبەرووی بوونەوە. دەزانم کە ئێستا چاوەڕوانییەکانی ئێوە جیاوازن. (ئارین)ی کوڕم زۆر جار پێم دەڵێت: " بیروبۆچوونی گەنجان ئێستا جیاوازترە و خواست و داواکاریان زیاترە، بۆیە دەبێت زیاتر ھەل و دەرفەتی کار بۆ گەنجان برەخسێنن. ههر بۆیهش تێدەگەم کە نابێت رابردوومان، ھەمیشە وەک پاساوێک، بەکاربھێنین بۆ لێکدانەوەی ئەو بۆشاییەی لە نێوان گەنجان و حکوومەت دروست بووە. بەڵام بۆ ئەوەی سوود لە دەرفەتی راستەقینەی بەھێزکردنی ئەم پەیوەندییە وەربگرین. دەبێت لە لە پێداویستی و پێگەی یەکتر تێبگەین، ههر بۆیە بە ڕاشکاوی پێتان دەڵێم 'من خۆم پابەندم بە رەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجەکانمان. بێگومان حکوومەت رۆڵێکی گرنگی ھەیە لە رەخساندنی ئەو دەرفەتە و پێویستە حکوومەت چوارچێوەی یاسایی و ئابووری، بۆ گەشەپێدان و ھاندانی ھاوبەشیی و شەراکەتی کەرتی گشتی و تایبەتی دیاری بکات، بۆ ئەوەی خاوەنکار و بازرگانەکان، گەشە بکەن و ھەروەھا یارمەتی گەشەپێدانی بزنسی بچووکیش بدەن''.
سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان مهسرور بارزانی راشیگهیاند كه: ''ههروهها دەزانم کە دەبێت مەشق و پەروەردەی دروست ھەبێت، بۆ ئەوەی زۆرترین دەرفەت بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنین. بەڵام بێگومان ئێمە رێگایەکی درێژمان لە پێشە و ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییانە، کاتی دەوێت و ھەندێکجار ھەندێک کەسی خاوەن بەرژەوەندی تایبەتین و رێگری لە ئەنجامدانی چاکسازی دەکەن. بەڵام دەبێت ئابوورییەک بونیاد بنێین کە کەمتر پشت بە دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا ببەستێت. ئابوورییەک بێت، زیاتر پشت بە ھەماھەنگیی و ھاوکاری نێوان کەرتی گشتی و تایبەتی ببەستێت بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و پاڵپشتکردنی بازرگانیی بچووک و مامناوەند کە بتوانن زۆرترین دەرفەت و ھەلی کار بڕەخسێنێت''.
مهسرور بارزانی دڵنیایی خۆیدا كه له داهاتوودا كاری بچووك و مامناوهند گهشه دهكات و گوتی: ''دڵنیام لە ساڵانی داھاتوو، بازرگانیی و بزنسی بچووک و مامناوەند، ئەوانەی لە لایەن گەنجانی وەکو ئێوە بەڕێوە دەبرێن، گەشە دەکات و دەبێتە بەشێک لە وەچەرخانێکی زۆر پێویست، لە ئابوورییەکی پشتبەستوو بە نرخی ناجێگیری نەوت، بۆ ئابوورییەکی گەشەسەندوو، کە لە کۆمەڵگەیەکی بەکارھێنەرەوە ببینە کۆمەڵگەیەکی بەرھەمھێنەر. من بە پەرۆشم بۆ ئەوەی بزانم دەتوانین چی بەدەست بێنین لە وزەی کەسک و نوێکەرەوە green & renewable energy ، لە پیشەسازیی تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو، لە بواری گەشتیاریی، لە کاری داھێنەرانە و زۆر بواری دیکەی ئابووریماندا''.
له بهشێكی دیكهی گوتارهكهیدا، سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان مهسرور بارزانی گوتیشی: ''ئەمە وەچەرخانێک دەبێت لە ماوەی درێژخایەندا کە دەرفەت و ھەلیکار دەرەخسێنێت و یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی كه ھەرێمەکەمان پێشبڕکێ بکات. دڵنیام ئێمە بە ئاراستەیەکی راستدا ھەنگاو دەنێین. کە خۆشبەختانە ھەرێمی کوردستان لە جیھاندا، ناسراوە بەوەی پەناگەیەکی ئارام و لێبوردە بووە و ئێمەیش پەرە بەو بەھایانە دەدەین. بۆیە من لەوباوەڕەدام کە ھەرێمی کوردستان، بەوەی خاوەنی دانیشتووانێکی گەنج و بەھرەمەند و ھیوابەخشە نەک تەنیا دەتوانێت ببێتە سەنتەرێکی بازرگانیی لە کوردستان، بەڵکو دەبێتە مەڵبەندێکی ئابووری و بازرگانی و وەبەرھێنانی گرنگ، لە عێراق و ناوچەکەدا.من بەتایبەتی پەرۆشی رەخساندنی دەرفەتی بەدیجیتاڵکردنی کوردستانم، کە زۆر پێویست و گرنگە بۆ ھێنانەدی ئەو پێشکەوتنانەی، دەمانەوێت لە کاروبارەکانی حکوومەتدا بەدەستی بھێنین. کە بەشێکی سەرەکی کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بە ئاراستەی ھێنانەدی دادپەروەری و شەفافیەت. لە راستیدا ئێمە سیستەمێکی تەواو دیجیتاڵیمان، بۆ دارایی گشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست پێکردووە ، کە بە تەواوی لەلایەن کارمەندە گەنجە بەتواناکانی کوردستان لە ناو حکوومەتدا، دروستکراوە و گەشەی پێدراوە . ھەروەھا ئێمە سوودمان لە گەنجە گەشەپێدەرەکانمان وەرگرتووە بۆ بونیادنانی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی تر، بەتایبەتی لە پۆرتاڵ و وێبسایتی حکوومەتی ھەرێم کە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتییە''.
مهسرور بارزانی راشیگهیاند كه، لەکاتێکدا ئەم ھەنگاوانە دەبنە ھۆی زیادکردنی شەفافیەت و کارایی لە خزمەتی گشتیدا، ھەروەھا یارمەتیدەری ئێوەشە، بۆ گەیاندنی بیرۆکەکانتان بە بازاڕ و بەئاسانی تۆمارکردنی بڕاند و کۆمپانیاکان و کاروباری پێدانی باجەکانیش ئاسانتر دەکات. بەڵام ئێوە ھەمووتان رۆڵێکی زۆر گەورەتان لە بەرەوپێشبردنی حوکمڕانیدا ھەیە و بێگومان حکوومەتی ھەرێم بە تەنیا ناتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت. بۆیە پێویستیمان بە پشتیوانیی ئێوەیە، دەمانەوێت ئێوە بەشێک بن لە دایەلۆگ و گفتوگۆ، بە ئامانجی باشترکردن و بەھێزترکردنی نیشتمانەکەمان. بۆ ئەوەی کوردستان بەھێزتر ببێت، دەبێت ئێوەی گەنج خۆتان رێکبخەنەوە و لە پێناو پێشخستنی کوردستاندا بیرۆکەی نوێ بھێننە ئاراوە. تکایە گوێ بەو دەنگۆ و پروپاگەندانە مەدەن، کە پێتان دەڵێت ئێمە ناتوانین بەرەو پێشەوە ھەنگاو بنێین و پێشبکەوین، گوێ بەو کەسانە مەدەن، کە ھەمیشە گومانیان ھەیە و رەشبینانە دەڵێن، ئێمە ھەر لە رابردوودا گیرمان خواردووە و قەتیس ماوین. بەڵام ھەمیشە رۆژگار ئەو بۆچوونانەی پووچەڵکردووەتەوە. بۆیە داواتان لێدەکەم ئێوە باوەڕتان بە خۆتان و توانای خۆتان ھەبێت، چونکە ئێوە دەتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن و دڵنیابن کاریگەری ئێوە بێ سنوورە ''.
سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان مهسرور بارزانی ئاماژهی به گفتوگۆی خۆیان لهگهڵ ژمارهیهك خاوهنكار كرد و تیاییدا گوتی: ''لەم رۆژانەی دواییدا لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکار کۆبوومەوە. پێمخۆش بوو کە گوێم لە ئەزموونەکانی ئەوان بێت لە چۆنیەتی دەستپێکردنی کارەکانیان و پەرەدان بە مارکەکانی خۆیان و ئەو ئاستەنگانەی، رووبەڕوویان بوونەتەوە. بۆ من زۆر جێی سەرنج بوو، گوێم لە پەرۆشییان بێت، لە ھەمانکاتدا گوێبیستی پێشنیازەکانیان بم لەوەی حکوومەت دەتوانێت چی بکات لە پێناو ئاسانکاریکردن بۆ گەشەپێدانی کارە بازرگانیەکان، بۆیه من دەمەوێت پردێک دروست بکەم بۆ زیاتر گەیشتنی دەنگی گەنجان بە حکوومەت. کە من پێموایە ئەمە کارێکی زۆر گرنگە. بۆیە دەمەوێت گوێم لە ئێوە بێت و حکوومەتی ھەرێم سوود لە تواناکانی ئێوە وەربگرێت، داوام کردووە کە گرووپێکی نوێنەرایەتی گەنجان دروست بکرێت بۆ ئەوەی نیگەرانیی و خواست و داوا و بیرۆکەکانی گەنجان راستەوخۆ بگاتە نووسینگەکەم. من خۆشحاڵم تیمەکەم لە چەندین گەنجی بەتوانا و لێھاتوو پێکاتووە و ئەمڕۆ ھەندێکیان لێرەن کە زۆر ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ ئەوەی یارمەتیدان بدەن بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجانە''.
مهسرور بارزانی گوتیشی: ''من تەواو دڵنیام بە بێ گوێکردن لە دەنگی گەنجان، ناتوانین دید و روانینەکانمان بگەیەنین و ئامانجەکانمان بە دی بھێنین . بۆیە خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ ئەم دەرفەتەم بۆ رەخساوە بۆ ئەوەی لەم بۆنە و ئیڤێنتەی تێدێکس نیشتمان ( TEDxNishtiman ) بەشداری بکەم و قسە بکەم. بە ئومێدی ئەوەم، زیاتر گوێبیستی ئامادەبووان و رڕێکخەرانی ئەم بۆنەیە ببم، بەتایبەتی دەربارەی ئەوەی ئێمە چۆن لە حکوومەتدا دەتوانین کاری زیاتر بکەین، بۆ ئەوەی بە یارمەتی ئێوە ،کارنامەکەمان جێەجێ بکەین و داھاتووییەکی گەش بۆ ئێوە و کوردستان دابین بکەین. ئێوە خاوەنی ئەم وڵاتەن و سەرمایەکی گرنگیی ئێستا و داھاتووی نیشتمانن .تکایە مەھێڵن ھیچ کەسێک سنوور بۆ تواناکانتان لە خزمەتکردنی نیشتمان ساردتان بکاتەوە''.
له كۆتایی قسهكانیشیدا، سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان لهبارهی پابهندبوون رێنماییه تهندروستییهكان و بۆ رووبهڕووبوونهوهی ڤایرۆسی كۆرۆنا گوتی: ''تکاتان لێ دەکەم رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لە بەرچاو بگرن. یهكێك له هۆكارهكانی كهمبوونهوهی تووشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا، پابهندی هاووڵاتییانه به رێنماییه تهندروستییهكان''.
news_share_descriptionsubscription_contact



