Kasım İleri
15 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2022
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، جۆن کێربی ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا توانا سەربازییەکانی لە سنووری ئۆکراینا زیادکردووە، بەڵام پێیان وانییە هێشتا سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بڕیاری کۆتایی دابێت.
جۆن کێربی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا باسی لەوە کرد کە تەنانەت لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، رووسیا هەژموونی سەربازیی لە ناوچەکانی نزیک لە سنووری ئۆکراینا و بێلاڕووس زیاد کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە لە باشووریش هەندێک جووڵە هەیە و هێزی دەریایی رووسیا لە دەریای رەش هەندێک مانۆڕی ئەنجامداوە.
جۆن کێربی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو ناچێتە ناو زانیاری لەبارەی جووڵەی سەربازیی تایبەت، بەڵام سوپای رووسیا ئامادەیی شەڕی زیاد کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، جۆن کێربی ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا دەرفەتی دیپلۆماسیی ماوە و لە وەڵامی پرسیارێکیشدا رایگەیاند ''پێمانوانییە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی درابێت (بۆ داگیرکاریی)، بەڵام بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەکرێت هێرشەکە هەر رۆژێک دەست پێ بکات، ئەوەشمان دەیانجار لە دامەزراوە جیاوازەکانەوە رایانگەیاندووە''.
گوتیشی: ''راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، جەیک سولیڤان هەفتەی رابردوو بەڕوونی باسی لەوە کرد کە رەنگە هێرشەکە پێش کۆتایی هاتنی ئۆڵمپیادی زستانە دەست پێ بکات، رەنگە ئەم هەفتەیەش بێت. زانیاریەکانی بەردەستمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بەش دەکەین بە ئۆکرایناشەوە''.