Emre Gürkan Abay
28 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2024
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ "بەهۆی ڕوودانی ڕووداوە تراژیدیاکە لە کایەی ئاسمانی ڕووسیادا" کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی سەربە هێڵی ئاسمانیی ئازەربایجان (AZAL) داوای لێبوردنی لێکرد.
کرملین لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە پوتین و عەلیێڤ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە هەردوو سەرکردە باسیان لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی AZAL کردووە لە شاری ئاکتاو و، هاتووە: "بەهۆی ڕوودانی ئەو ڕووداوە تراژیدییە لە کایەی ئاسمانیی ڕووسیادا پوتین داوای لێبووردنی کرد و، جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە خێزانی ئەو کەسانە کرد کە لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە و شیفای بەپەلەشی بۆ بریندارەکان خواست".
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە تاوتوێی ئەوە کراوە کە فڕۆکەکەکی سەربە ئازەربایجان لە فڕۆکەخانەی گرۆزنی دەیانجار هەوڵی نیشتنەوەیداوە و هاتووە: "لە هەمان کاتدا گرۆزنی و مۆزدۆک و ڤلادیکاڤکاز لە ژێر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینادا بوون و، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی ڕووسیا هێرشەکانی تێکشکاند".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەیش کراوە کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە و، پسپۆڕانی مەدەنی و سەربازیی پەیوەندیدار لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و، هاتووە: "لە ئێستادا دوو بەرپرسی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری ئازەربایجان لە گرۆزنین و، لێرە لەگەڵ نوێنەرانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ڕووسیا و کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی فیدراسیۆنی ڕووسیادا کار دەکەن. بەرپرسانی ڕووسیا و ئازەربایجان و کازاخستان لە شوێنی ڕووداوەکە لە نزیک ئاکتاو لە هاریکاری نزیکدان".
فڕۆکەی جۆری Embraer 190ی سەربە هێڵی ئاسمانیی ئازەربایجان کە گەشتی نێوان باکو-گرۆزنی ئەنجام دەدا، لە ٢٥ی کانوونی یەکەمدا لە نزیک شاری ئاکتاو لە کازاخستان کەوتەخوارەوە.
لەو ڕووداوەدا ٣٨ کەس گیانیان لەدەستدا و، ٢٩ کەسیش ڕزگاریان بوو.
ئاماژە بەوە کرابوو فڕۆکەکە بەهۆی دەستوەردانی فیزیکی و تەکنیکی دەرەکییەوە تووشی ئەو ڕووداوە بووە.
بەرپرسانی ئازەربایجانی کە قسەیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کردبوو، بانگەشەی ئەوەیان کردبوو فڕۆکەکە ڕووبەڕووی هێرشی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی Pantsir-Sی ڕووسی بووەتەوە.