Heman Hussein Yaseen
25 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2021
ههولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مهسرور بارزانی پەیامێکی لەبارەی رۆژی جیھانی نەھێشتنی توندوتیژی دژبە ئافرەتان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا پابەندبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان و نەھێشتنی ھەموو جۆرە جیاکارییەکی رەگەزی و نەھێشتنی توندوتیژی دووپات دەکاتەوە.
لە پەیامەکەی مەسرور بارزانی-دا ھاتووە ''لە رۆژی جیھانیی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی ١٦ رۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پابەندبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان و نەھێشتنی ھەموو جۆرە جیاکارییەکی رەگەزی و نەھێشتنی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی دژی ئافرەتان بەتایبەتی، دووپات دەکەینەوە''.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کار دەکات لە پێناو رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن، بەشێوەیەک بتوانن بە لێھاتوویی خۆیانەوە وەک بکەرێکی سەرەکی لە کۆی کایەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا بەشدار بن''.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مهسرور بارزانی ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە حکوومەتی ھەرێم، پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەھێزکردنی پێگەیان لەناو حکوومەت و کۆمەڵگا و پەرەپێدانی کولتووری رێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی و نەھێشتنی توندوتیژی و ھەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای رەگەز.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا داوا لە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە تایبەت دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناو حکوومەت و دەرەوەی حکوومەت، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دامەزراوە ئایینیەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات کە ھاوکار و یارمەتیدەری حکوومەت بن و رۆڵی گرنگی خۆیان لە برەودان بە کولتووری لێبوردەیی و ھوشیاری کۆمەڵایەتیی و نەھێشتنی توندوتیژی و دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان بگێڕن.
مهسرور بارزانی راشیگەیاندووە کە رووبەڕووبوونەوە و نەھێشتنی توندوتیژی، ئەرکی ھەموو کۆمەڵگایە و پێویستە ھەمووان کار بۆ نەھێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەن.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مهسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئومێدی ئەوەی خواستووە کە ھەرێمی کوردستان بە ھاوکاری ھەموولایەک، نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و نەھێشتنی ھەموو جۆرە توندوتیژییەک بێت، بەتایبەت توندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر.